پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبونی دکتۆر محەمەد رەشید موختار یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازیکرد لە شاندێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری ناسراو بە یونسکۆ کە پێکهاتبوو لە مەی ئەلشاعر بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی سێکتەری رۆشنبیری نوسینگەی یونسکۆ لە عێراق و سامی خۆجە ئەندامی نوسینگەی هەولێری رێکخراوی یونسکۆ. لە دیدارێکدا باس لە پێگەی زانکۆی سەلاحەدین لە پڕۆژو پڕۆگرامەکانی رێکخراوی یونسکۆ کرا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو پڕۆژە هاوبەشەی کە نیازوایە لە نێوان هەردوولا سازبکرێت لە بارەی پێگەی زانکۆی سەلاحەدین لە پاراستنی کەلەپووری کوردی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لەو دانیشتنەکەدا بە دوورودرێژی باس لەو پڕۆگرامانە کرا کە یونکسۆ لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات. ئەو رێکخراوە ئێستا دەیەوێت لە رووی ئەکادیمیەوە سوود لە ئەزموونی شارەزایانی زانکۆی سەلاحەدین وەربگیرێت لە پسپۆڕییەجیاوازەکان تا لە رووی ئەکادیمی و زانستییەوە پشت بە شارەزایان و کادیری خۆماڵی کوردستان ببەستێت.
بەروار :٢٠١٥/٥/٢٣