![title](/sites/default/files/styles/article_intro_image/public/node-img/420_01504657609.jpg?itok=HiSCnLIG)
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
مامۆستایانی ئازیز...
قـوتـابیانی لە دڵاشیرین....
کارمەندانی زانکۆی خۆشەویست....
بەبۆنەوەی دەستپێکردنەوەی ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ ، بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین/ هەولێر، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی مامۆستایانی خۆشەویست و کارمەندان و قوتابیانی ئازیز دەکەم. هەڵبەتە دەستپێکردنەوەی ساڵی تازەی خوێندن لە زانکۆمان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە قۆناغێکی هەستیاری مێژوویی تێپەڕ دەبێت و دەیان کێشەو قەیرانی ئابووری و سیاسی بەرۆکی گرتوین، بەتایبەت هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بە هیمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و پارێزەرانی ئازادی و هێزەکانی ئاسایشی کوردستان سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی جێگیربوەو ئارامی باڵی کێشاوەتە سەر کوردستانە خۆشەویستەکەمان، ئێستا سنووری هەرێمی کوردستان پارێزراوەو هەرێمی کوردستان بۆتە پەناگەی ئارامی و مێرگێکی سەووز لەسەر ئاستی عێراق، لە سێبەری رەخساندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو فرە ئاینی و نەتەوەییەوە، زانکۆی سەلاحەدینیش رەنگدانەوەی ئەو فرەچەشنی بەخۆیەوە بینیوەو دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو رەنگە جیاوازەکان رەخساوەو ژینگەیەکی زانستی لەباریش بۆ زانکۆ ئاوارەکان دابینکراوە، زانکۆشمان لە پایتەختی کوردستان وەک بەشێکی لە دامەزراوەکانی دیکە لە سایەی ئەو ئازادییە بەردەوامە لە پڕۆسەی خوێندن، بەتایبەت کە یەکێک لە کۆلێژەکانمان لە قەزای مەخموور نزیکە لە بەرەکانی جەنگ، کەچی خوێندن تییایدا رانەوەستاوە. سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ لە نەبوونی بووجەو درەنگ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان، کەچی زانکۆ هەر بە بێ سڵکردنەوە لەو لەمپەرانەی دێنە بەردەمی بەردەوامبووەو بەردەوام دەبێت، گەشبینین بەوەی ئەم ساڵ سەرەڕای هەموو قەیرانەکان، مامۆستایان و قوتابیان شەونخونی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی زانکۆکەیان سەربەرزبێت، بە ئەنجامدانی چالاکی زانستی و ئەکادیمی و مەعریفی و رۆشنبیری، تا لە کۆتایی ساڵ بەرهەمی ساڵانەی ئەکادیمی و زانستی بە گشتی بدورنەوە، بۆیە لە ئێستاوە هەمووان بەیەکەوە بە یەک تیم کار دەکەین بچینە کێبڕکێی زانستی ریزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەر بە پێشەنگی بمێنینەوە، ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە تا کۆشش و چالاکییە زانستی و رۆشنبیرییەکانتان لە کۆتایی هەموو ساڵێک ببێتەی هۆی چنینەوەی بەرهەمی پێشەنگ بوونی زانکۆمان لە ساڵی دووەمی هەڵسەنگاندنی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان، بەرزبونەوەو چونە پێشەوەی زانکۆ لەسەر ئاستی ناوەخۆیی و دەرەکی دا، پەیوەستە بە داهێنان و کارە زانستییەکانتان، پێویستە کارێکی وابکەن، شەونخوونی بکەن تا زانکۆکەتان بە سەربەرزی بمێنیتەوەو ببێتە جێگەی شانازیتان.
خۆشەویستان....
هەنگاوێکی دیکە کە ئەمساڵ دەیگرینە بەر و لە ئێستاوە دەستمان پێکردووە بە ئەلیکترۆنیکردنی زانکۆی سەلاحەدینە، ئەگەرچی ئەو پڕۆسەیە درەنگەو دەبوایە زووتر کاری لەسەر بکرابوایە، بەڵام هەنوکەش کارێکی چاکە بۆ ئەوەی رۆتین نەهێڵین و خەرجییە داراییەکان و کات کەمتربکەینەوە بە ئامانجی راییکردنی کاروبارەکانی زانکۆو پتەوکردنی رایەڵەی پەیوەندی دەسەڵاتی کارگێڕی زانکۆ لەسەر ئاستەی سەرۆکایەتی زانکۆو راگرایەتی و بەشە زانستیەکان لەلایەک و رایەڵەی پەیوەندی نێوان مامۆستایان و قوتابیان لەلایەکی دیکەوە، ئەو کارەشمان بۆ ئەوەیە هەموو کارە زانستی و رۆشنبیری و مەعریفییەکان و خزمەتگوزاریەکانمان لە رێگەی ماڵپەڕی زانکۆ بگەیەنین بە شێوەیەکی زووڵاڵ بۆ جیهانی ناوەو دەرەوە، بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر هەموومان لە( قوتابیان، مامۆستایان، کارمەندان) زانکۆ گەورەکەی بەردی بناغەی خوێندنی باڵا بە هی خۆیان بزانن و بەرزکردنەوەو راگرتنی ئاستی زانستی زانکۆکەتان بەو پەڕی بەرپرساریەتیەوە ئەرکێکی زانستی و رەفتارێکی ئەخلاقییە.
ئازیزان....
زانکۆی سەلاحەدین بە دریًَژایی قۆناغەکانی مێژویی لە هەشتاکان و نەوتەکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی زانستی و فەرهەنگی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی کوردستان دروست کردوەو خزمەتی زۆری بە کۆمەڵگەی کوردی کردووە، ئەوڕۆش بەوپەڕی شانازییەوە لەسایەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان لە گۆشکردنی نەوەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ناوچەگەریەتی بەردەوامەو لەگەڵ پێشهاتو پێشکەوتنە هەنوکەیەکاندا بە ئاڕاستەی رۆشنگەری هەنگاو دەهاوێژێت. دڵسۆزی و پێداگیری مامۆستایانیشمان بۆ پێگەیاندنی نەوەکانیان وایکردووە کە لە هیچ ئاستەنگێک سڵ نەکەنەوە کە دێتە بەردەم پڕۆسەی خوێندن، بەڵگەشمان بێمووچەیی ساڵانی نەوەتەکان و بێ بودجەی دوو ساڵی رابردووە کە لەماوەیەدا بێدەنگیان نواندووە لە شایستە داراییەکانی خۆیان لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی زانست لە زانکۆ.
مامۆستایانی بەڕێز...
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لێرەدا بە دەرفەتی دەزانین جەختی لەسەر بکەینەوە کە ئەمساڵ فەلسەفەی پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ بە پاڵپشتی ئێوەی خۆشەویست و بەڕێز دەبێت گۆڕانکاری بەسەردابهێنین، بە جۆرێک هەریەک لە پسپۆڕی خۆی چ لە پڕۆسەی وانەگوتنەوە لە پۆل یا لە توێژینەوەکاندا دەبێت گرنگی بە پرسی سەربەخۆیی و نیشتیمانپەروەری و خۆشویستنی کوردستان بدات، بەتایبەت ئەمساڵ دەبێت وانەکان ئاوێتە بکرێت بە فەلسەفەی کوردایەتی و چڕکردنەوەی لە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و قبوڵکردنی رای جیاواز و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، هەوڵیش بدرێت پرسە گرنگەکانیش بکەنە بابەتی گفتوگۆی بەشێکی وانەکانی رۆژانەی قوتابیان، بە ئامانجی ئاشناکردنیان بە فەلسەفەو رۆشنبیری نەتەوەیی و نیشتمانپارێزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە بۆتەی دیموکراسی دا، کە ئەوەش بەشێکی ئەرکە کوردایەتییەکەیە شان بەشانی برا پێشمەرگە قارەمانەکانمان، چونکە هەر ئەو رۆحی لێبوردەیی و پێکەوەژیانەی کوردستان بو، بوە سەرمایەکی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان کە هەموو جیهان شانازی بە هەرێمەکەمانەوە بکات و لە کاتی تەنگانەشدا پاڵپشتیمان بکەن. هاوشان لەگەڵ ئەو رەوتەش کار بکرێت بۆ ئەوەی هانی قوتابیان بدرێت فێری زمانی جیاواز بن لە پێناو کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەی زانستی بە زمانە زیندوەکان و تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ خزمەتکردنی زانست و مەعریفەی کوردی.لەژێر رۆشنایی ئەم بیرکردنەوەیەشدا سەنتەرێکی زمان مان کردۆتەوە بۆ راهێنان و فێرکردنی زمانەکان بەتایبەت زمانی ئینگلیزی کە هەموو کەسێک بۆی هەیە لەو سەنتەر خۆی پێش بخات و ئاست و توانستی زمانەکەی پەرەپێ بدات، لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا لە ماستەرو دکتۆرا پێویستە کێشەو قەیرانەکانی کوردستان رەنگبداتەوە لە ناونیشانی توێژینەوە زانستییەکان تا ببنە راسپاردەی ئەکادیمی بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی چارەکردن لەلایەن بڕیار بەدەستانەوە.
قوتابیانی ئازیز...
زانکۆ بۆ ئێوە لە دایک بووە، ئێستاو ئایندەی بۆ ئێوەیە، هەردەم خەباتی ماندوونەناسەی بۆ ئاسۆ روونیتان بووە، چونکە ئەگەر ئێوەی زانستخواز نەبن، زانکۆ ناتوانێت بەردەوام بێت، لەو کڵاورۆژنەیەوە هەموو تواناکانمان، گشت وزە جەستەیی و ئەقڵییەکانمان، ئەزمونە قاڵبوەکانمان لەسەر ئاستی کارگێڕی و ستافی وانەبێژانەوە چڕکردۆتەوە، بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست بکەینە سەنتەری پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ، بۆ ئەمەش چەند ساڵێکە چەقی ئیشی زانکۆییمان قوتابی بوە، ویستومانە ئەقڵتان ئازادبێت، بیرکردنەوەتان بۆ داهێنانی زانستی سەربەست بێت، تا سەربەستانە خولقاندنی تازەی زانستی و مەعریفی بهێننەکایەوە، هەر ئەوەش وایکردووە هەموو هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە لە گۆڕانکاری پڕۆگرامی خوێندن کە هاوگونج بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و دەرفەتدان بە ئێوەی ئازیز تا لە ژینگەیەکی خوێندنی ئارام و شایستە بۆ ئیوە فەرهەم بکەین، بە هیوای ئەوەی لە ساڵانی دوای دەرچوونتان بەرهەمی ماندوبونمان بدورینەوەو گەنجی دەرچووی تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەین، لەوێشەوە کۆمەڵگەیەکی زانستپەروەری تەندروست بهێنینەکایەوە. لە روانگەی باوەڕبونمان بە گرینگی قوتابییەوە جگە لە دابینکردنی کورسی خوێندن لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا و پێدانی دەرماڵە بە زیاتر لە (٢٤) هەزار قوتابی، ساڵانە شوێنی نیشتەجێکردن لەسەر بنەمای تەندروستی و سەلامەتی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار قوتابی دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێر دابین کردووە و ئەمساڵیش لە ئێستاوە بەرنامەرێژیمان کردووە بۆ ئەوەی دەرفەتی کورسی خوێندن زیاتر بکەین و ژینگەیەکی تەندروست لە هۆڵی خوێندن مەیسەر بکەین و شوێنی حەوانەیەکی شیاوتان بۆ دابین بکەین.
مامۆستایان و قوتابیانی خۆشەویست ....
هەڵبەتە بەرەوپێشەوەچونی ئاستی زانستی زانکۆکان و بەرزبونەوەی ریزبەندی زانکۆکان لەسەر ئاستی جیهان بوونی رایەڵەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان، بە جۆرێک توێژینەوەی زانستی و وۆرکشۆپ و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی هاوبەش ئەنجام بدەن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و زانستی تازە و کادیری ئەکادیمی لە نێوانیاندا ئەنجام بدات و کورسی خوێندن بۆ خوێندنی باڵا بۆ یەکتری تەرخان بکەن. زانکۆی سەلاحەدینیش وەک یەکێک لە زانکۆ دێرینەکانی کوردستان بایەخی بەو پەیوەندیانە داوە بەتایبەت لە گەڵ زانکۆ جیهانی و زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی. لەژێر رۆشنایی ئەو ستراتیژیەتەدا کە زانکۆمان گرتویەتیەبەر، هەنوکە رێکەوتننامەی لە یەکگەیشتمان لەگەڵ زیاتر لە ٢٠٠ زانکۆی جیاواز لە وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاو وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەرهەمی ئەو رێکەوتننانەش وایکردووە ئاڵۆگۆڕی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی جیهانی بووە. هەروەها ماوەی چەند ساڵێکە زانکۆمان ئەندامی کارای یەکێتی زانکۆکانی عەرەبییەو ماوەی ساڵێکیش سەرۆکی خولی دانیشتنەکان و ئەندامی لێژنەی راپەراندنی یەکێتیەکەبووە و زانکۆمان ئەندامی چەندین یەکێتی و رێکخراوی نێودەوڵیەتی تایبەت بە فێرکردن و پەروەردەیە لەوانە رێکخراوی یونسکۆ، رێکخراوی دادی ئەڵمانی و چەندین دامەزراوەو رێکخراوی دیکەی جیهان. هەروەها زانکۆمان لە پڕۆگرامی ئیراسموس مەندس کە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە کارێکی باشی کردووە بۆ خزمەتکردنی قوتابیان و مامۆستایان لەوانە (٣) مامۆستا و (١٣) قوتابی ماستەرو دکتۆرا تیایدا سوودمەندبون، ئێستاش زانکۆمان لە پڕۆگرامی ئیراسمۆس پلەس بەشدارە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی (لۆند)ی سویدی بەمزوانە پڕۆگرامەکە بو خزمەتکردنی زانکۆ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
بەڕێزان....
لە ئاکامی ئەو قەیرانە داراییە نەخوازراوەی کە لەلایەن بەغداوە بەسەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە کە بۆتە هۆی بڕینی بودجە، نەتوانراوە باڵەخانەی تازە دروست بکەین، کەچی لە هەوڵەکانمان ساردنەبوینەتەوە لە هێنانەدی خەونەکەی هەولێرو مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ، بۆ دروستکردنی کەمپی زانکۆی سەلاحەدین خۆشبەختانە هەنوکە لە رێگەیەکی دەستەیەکی تایبەت بە ناوی دەستەی باڵای پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدینەوە پڕۆسەی بەشی یەکەمی ماستەرپلان و دیزاینی پڕۆژکە کۆتایی هاتوەو هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، بودجەیەکی تایبەت ساڵانە بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بکرێت تا بە ماوەیەکی کەم پڕۆسەی تەلارسازی بە جوانترین و بە بەرزترین کوالێت بچێتە قۆناغی جێبەجیکردن. زانکۆمان لە هەوڵێکی دیکە دایە کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێکردن بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ ئەنجام بدات لەسەر ئەو زەویەی کە تەرخان کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەمزوانە هەردوو پڕۆژەی بەشەناوەخۆیی بۆ (١٥٠٠) قوتابی و هۆڵی داخراوی وەرزشی تەواو دەبێت بۆ خزمەتکردنی قوتابیان.
خۆشەویستان...
زانکۆی سەلاحەدین/ هەولێر، ساڵانە بەپێی بە پلانێکی ستراتیژی زانستی و ئەکادیمی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابی خوێندنی باڵاو وەردەگرێت، خۆشبەختانە دوای ئەوەی چەند ساڵێک پڕۆسەی خوێندنی دکتۆرا بە سیستەمی ناوەخۆیی راگیرابوو، ئەمساڵ جارێکی دیکە دەرفەتی خوێندن بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر بۆ کارمەندانی زانکۆکانی کوردستان کرایەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوشان لەگەڵ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندنی (٣٤) پڕۆژەی دکتۆرا بە سیستەمی سبیلت سایت (Split Site) کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکراوە،، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ (٢٥٣) کورسی بۆ خوێندنی دکتۆرا بە سیستەمی تازە (New PhD Pathway) راگەنراوە، هەروەها ئەوساڵیش لەبەرنامەماندایە (٥٣٠) کورسی خوێندنی ماستەر رابگەیەنین بۆ پاڵپشتی زانکۆ تازەکانی دیکەی کوردستان و پڕکردنەوەی پسپۆڕییە دەگمەنەکانی زانکۆمان، ئەمە سەرباری ژمارەیەکی زۆر لە قوتابینمان ئێستا لە زانکۆ جیهانییەکان لەسەر بەرنامەی تواناسازی درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە بارەی وەرگرتنی قوتابیان لە خوێندنی بەرایی، پلانمان هەیە ئەمساڵ بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بە قوتابیانی ئامادەیی نزیکەی شەش هەزار قوتابی لە (٨٤) بەشی زانستی وەربگرین، بەتایبەت ئەمساڵ بەشێکی زانستی نوێمان بەناوی بەشی( ئەندازیاری کیمیاوی) لە کۆلێژی ئەندازیاری کردۆتەوە کە بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بە هیوای ئەوەی بتوانین دەرچوویەکی ئاست بەرز لەو بەشە پێبگەینین بۆ خزمەتکردنی کوردستان. ئەگەر لەمپەر قەیرانی داراییش نەمێنێ بە نیازین چەند بەشێکی کشتوکاڵ و وەرزشی لە مەخموورو شەقڵاوە بکەینەوە، هەروەها ئەگەر ئاسانکاریمان بۆ بکرێت لەلایەن ئیدارەی قەزای پردێ هەوڵدەدین چەند بەشێک لەو قەزایە بکەینەوە تا لە ئایندەدا بیکەینە کۆلێژو دواتر زانکۆ هاوشێوەی زانکۆکانی (سۆران، کۆیە، هەولێری پزیشکی) و هەردوو کۆلێژی پەروەردە/ مەخموورو شەقڵاوە.
خاڵێکی دیکە دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە بەهۆی نەبونی بودجەی پێویست کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکانمان لە ئاستی پێویست نەماوە، بەڵام کاریشمان کردووە تا بەردەوامی بدەین بە کۆنفڕانسەکان، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش دوو کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدین، لەوانە پێنجەمین کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی لە زانستە بنەڕەتیەکان لە رۆژانی ١٦-١٧ی ئۆکتۆبەری 2015 لەگەڵ زانکۆ (UTM)و پەیمانگەی ئیبن سینای مالیزی و زانکۆی ئێرلانگی ئەندۆنوسی کە (٤٥) مامۆستای زانکۆمان بانگهێشتنامەی بۆ هاتوەو (٢٥)یان بە توێژینەوە بەشداری دەکەن، شیاوی زانینە بڕیارە ئەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییە ساڵی داهاتوو لە زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەبچێت. لەبەرنامەشماندا هەیە بە تێپەڕبونی قەیرانی دارایی و فەراهەمکردنی بودجەی پێویست گەورەترین کۆنفڕانسی زانستی بۆ ئەمساڵی خوێندن ساز بکەین.
لە هەموو ئەو خاڵانەی باسمان لێوەکرد، گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە زانکۆمان چەند ساڵێکە زۆر بە رژدی پڕۆسەی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی پەیڕەوکردوە لە بواری زانستی و کارگێڕییدا، ساڵانە ئەنجامێکی ئاست بەرزمان بەدەستهێناوەو کێبڕکێیەکی زانستیانەمان لە نێوان مامۆستایان هێناوەتە کایەوە کە دواجار بۆتە هۆی پەرەپێدانی رۆشنبیری و زانستی کەسی و رەنگدانەوەی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و تازەگەری پڕۆگرام و وانەکان هەبوە. هەر بەوەش نەوەستاوین لەچوارچێوەی بایەخدان بە فێرکردنی بەردەوام لەسەر ئاستی زانکۆ، پێش ئەوەی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا نازناوی زانستی وەربگرن خولێکی راهێنان لەسەر دەستی ژمارەیەک مامۆستای بە ئەزموون بە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم بۆیان دەکەینەوە، تائێستاش ( ١٧) خول کراوتەوەو لە ماوەی ساڵێکیشدا(٤٣٤) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا نازناوی مامۆستای یاریدەدەریان پێبەخشراوەمان هەروەها لە خولەکانی رێگاکانی وانەوتنەوەشدا لە زانکۆمان (١٠٢٩) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەشداربوونەو لەسەر ئەو پلانە بەردەوام دەبین.
لەلایەکی دیکەوە ئامادەکاریمان کردووە بۆ گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن لەسەر ئاستی زانکۆ بەشێوەی رێژەیی بەتایبەت گۆڕانکاریەکی زۆر لە پڕۆگرامی خوێندن کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی خوێندنی ئێواران کراوە تا هاوتەریب بێت لەگەڵ پڕۆگڕامی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە ئەمەش لە کۆنگرەیەکی زانستی لەمساڵی خوێندندا ئاشکرای دەکەین و دەیخەینە بواری کرداریەوە.
پیرۆزە ساڵێکی دیکەی ئەکادیمی زانکۆیی، لە گشت زانکۆییانی خۆشەویست، هەمیشە سەرکەوتوبن، دوارۆژێکی پڕشنگدار و هەگبە پڕ زانست بۆ کوردستانێکی ئازادو سەقامگیرو دیموکرات و فرە رەنگ.
پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر
٩/١/ ٢٠١٥