دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لە کەمپی زانکۆی تەکەنەلۆجی بەرلین لە شاری ئەلفەردەقەی کۆماری میسر بە ئامادەبونی وەزیری خوێندنی باڵای میسری و ١٥٠ سەرۆک زانکۆی وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسی باڵای یەکێتی ئەوروپاو رێکخراوی دادی ئەڵمانی و چەندین رێکخراوی دیکەی جیهانی تایبەت بە خوێندنی باڵا بەشداری کۆنفڕانسی ئەوروپی- عەرەبی لە بواری خوێدنی باڵا دەکات.
لە کۆنفڕانسەکەدا چەندین تەوەرەی تایبەت بە کێشەکانی خوێندنی باڵاو چۆنیەتی چارەکردنیان و پەیوەندی نێوان زانکۆ عەرەبی و ئەورپییەکان باس کرا. هەر لە کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی بەشداری لە یەکەم پانێڵی تایبەت بە جیهانیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و زانکۆی سەلاحەدین بە تایبەتی. لەو پانێڵەدا سەرۆکی زانکۆ رەوشی خوێندنی باڵای بە گشتی و بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زانکۆکان خستەڕوو. لە درێژەی سمینارەکەیدا تیشکی خستەسەر رۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە بونی پلانی ستراتیژی بۆ بەجیهانیکردنی زانکۆکانی کوردستان لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی. سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆ ئەوروپییەکاندا بەتایبەت زانکۆی تەکنەلۆجی بەرلین لە بواری زانستی کۆمپیوتەرو زانکۆی فرایبێرگ لە بواری ئەندازیاری میکانیک و جیۆلۆجی و زانکۆی ئیرلانگ لە بواری ئابووری و زانکۆی کالسترۆ لە بواری وزەو زانکۆی لایبزیگ لە بواری پەروەردەی بنەڕەتی و زمان کە لە ساڵی رابردوودا یەکەم وەجبەی قوتابی لەو بەشە لە زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشراوە. لە کۆتایی سەرۆکی زانکۆ دیاری زانکۆی بەخشییە وەزیری خوێندنی باڵای میسری بە ئامادەبونی دکتۆر سوڵتان ئەبو عوڕابی ئەلعدوان ئەمینداری یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی. شیاوی باسە ئەو کۆنفڕانسە سێیەم کۆنفڕانسە دوای هەردوو کۆنفڕانسی بەرشلۆنەو عەمان و بڕیاریشە ساڵی داهاتو کۆنفڕانسی چوارەم لە بەرشلۆنە ئەنجام بدرێت.
بەروار : ٢٠١٥/١٠/١٣