
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لە شاری سکۆپیای وڵاتی مەکەدۆنیا بەشداری لە دووەمین کۆنفڕانسی پەروەردەو رۆ شنبیری و پێکەوە ژیان کرد، ئەو کۆنفڕانسە دوو ساڵ جارێک لە شارێک لە شارەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چەند رێکخراوێکی کۆماری تورکیا و مەسەدۆنیاو زانکۆی مەدەنیەتی ئیستەنبۆڵ رێکدەخرێت.
لەو کۆنفڕانسەدا مامۆستایانی بەشی زمانی تورکی کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین چەند توێژینەوەیەکیان پێشکەشکرد، هاوکات سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرێزنتەیشنێکی لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشکرد، کە تیایدا سەرۆکی زانکۆ بە تێروتەسەلی ئاماژەی بە ستراتیجیەتی سیاسەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دا وە ئەو پڕۆژانەی پێشکەش دەکرێن لەو دوو سێکتەرە گرینگەدا، شیاوی باسە لە کۆنفڕانسەکەدا ٢٠ دەوڵەت بەشداربوو، بەڵام زانکۆی سەلاحەدین تەنها زانکۆبوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بانگهێشت کرابوو، لەبەر رۆشنایی فرەئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان و لێکەوتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی هەرێمی کوردستان جیاواز لە عێراق و ناوچەکە زانکۆی سەلاحەدین رۆڵی گرینگ بگێڕێت، لە بابەتی پەروەردە بۆ هەمووان و ئەو پێکەوەژیانەی کە هەیە بۆ سەرجەم نەتەوەو ئایین و ئایینزاکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین یا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوەو دەتوانن بخوێنن بە زمانی دایکی خۆیان، لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا دیاری زانکۆی سەلاحەدین کەوێنەی قەڵای هەولێری لەسەر نەخشێنرابوو بەسەر ئامادەبوان دابەشکراو بڕیاردرا لە کاتی بەستنی کۆنفڕانسی داهاتوو ئەگەر قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بەرەو چاکبونەوە رۆیشت ئەوا بە میوانداری زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر ببەسترێت.
بەروار :٢٠١٦/٧/٢٤