
ئه‌مڕۆ ڕێككهوتی ۱۲ ی ۱۲ ی ۲٠۲٤ به ئاماده‌بوونی "پ.ی.د.كامه‌ران یونس محمدئه‌مین " سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و "د.ئەمیر چالی" نوێنەری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و " بورهان ئەرگۆشی" نوێنەری وەزیری پەروەردە و سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و زاخۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و "د.ئامانج برادۆستی" به‌رپرسی ناوچه‌ی ئاسۆ و "پ.ی.د.مزگین چالی "ڕاگری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی و سه‌رۆك به‌ش و مامۆستایان و قوتابییان کۆنفرانسی کۆتایی تیچەرس مۆد بە مۆدێرنكردنی مامۆستایانی داهاتوو لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌سه‌ره‌تای كۆنفڕانسه‌كه‌دا سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین وتارێكی پێشكه‌شكرد و گووتی تیچەرس مۆد پڕۆژەیەكی هاوبەشە پێنج زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان و سێ زانکۆی ئەوڕوپی و دامەزراوەی UNIMED تیایدابەشدارن.
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئیراسموس پڵەسە، ئیراسمۆس پلەس بەرنامەیەکی یەکێتی ئەوروپایە لە بوارەکانی پەروەردە و ڕاهێنان و گەنج و وەرزش ماوەی چه‌ند ساڵێكه کاردەکات، ئامانج له‌م بەرنامەیە چارەسەركردنی گۆرانکاری ئابوری کۆمەلایەتی، کار، گەشەکردن و یەکسانی کۆمەلایەتییه كه وولاتە ئەوروپاییەکان و هاوبەشەکانیان له خۆده‌گرێت.
به‌ڕێزان...
ئامانج لە پڕۆژه‌ی تیچهرس مۆد بە مۆدێرنكردن و بەرزكردنەوەی كوالیتی وانەووتنەوەی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتییە لەڕێگەی پێداچوونەوە بە پرۆگرامی خوێندن و پەرەپێدان بە تواناكانی مامۆستایانی كۆلێژی پەروەردە بنەڕەتییەكان.
له هه‌موو شتێك زیاتر پێویستیمان به هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یی هه‌یه، ده‌بێت له پڕۆژه و كاره ئه‌كادیمییه‌كان هاوبه‌ش بین و ببین به ته‌واوكه‌ری یه‌كتر و هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانمان بخه‌ینه خزمه‌تی زانست و مه‌عریفه.
هیوادارم هه‌موومان یه‌ك ئامانج و مه‌به‌ستمان هه‌بێت له‌و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه جیاوازانه‌ی كه ئێستا له‌سه‌ر شانمانه، هه‌ریه‌كه‌و به‌پێێ ئه‌و ئه‌ركه‌ی هه‌یه‌تی به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ر شانه به‌رانبه‌ر وڵات و نیشتمان و ده‌بێت به دڵسۆزییه‌وه كار بۆ گه‌نجان و قوتابییان و داهاتوو بكه‌ین.
ئه‌م پڕۆژه ئامانج و ده‌ستكه‌وتی گرنگی بۆ مامۆستایان ده‌سته‌به‌ر كردووه و پڕ زانستی كردوون له بواره‌كانی ، ڕێگاكانی وانەووتنەوە و پێداچوونەوە بە پرۆگرامی خوێندن،. گرنگیدان بە سەنتەری پێداگۆجی زانكۆكان، پێداچوونەوە بە مۆدیولەكان و گونجاندنیان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم.
كه‌واته تیچەرز مۆد (Teachers MOD) پشتگیری لە مۆدێرنکردن و بەرزکردنەوەی کوالیتی وانەوتنەوە دەکات، بە داهێنانی ڕێگاى وانەوتنەوەی نوێ.
هیوادرام ئه‌و مامۆستایانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو له‌م پڕۆژه‌یه سوود مه‌ندبوون و ڕاهێنراون به زانستی سه‌رده‌م، هاوبه‌شی به هاوڕێكانییان بكه‌ن و له داهاتوو ئاشنایان بكه‌ن به‌م زانسته سه‌رده‌مییه.
هیوای سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم، هیوادارم بتوانین به‌یه‌كه‌وه له پڕۆژه‌ی تری هاوشێوه هه‌ماهه‌نگ و هاوڕابین و له خزمه‌تكردن پاشه‌كشه نه‌كه‌ین.
ڕاگه‌یاندنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین – هه‌ولێر.