
پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى لەشاندێکی کونسولخانەی گشتی کۆماری چینی میللی لە شاری هەولێر بەسەرۆکایەتی جەین فانگنینگ جێگری کونسولی گشتی و هو های کونسلی ئابووری و بازرگانی کرد. لە دیدارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر ئامادەیی نیشاندانی کونسولخانەی گشتی چینی میللی بۆ زانکۆکانی کوردستان بە تایبەتی زانکۆی سەلاحەدین، هەر لە دانیشتنەکەدا باس لە ئەگەری کردنەوەی کۆڕسی فێربونی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین کرا بۆ ئارەزوومەندانی فێربونی زمانی چینی بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چینی میللی.
لە دانیشتنەکەدا باس لە سازکردنی چەند پێشانگایەکی تایبەت بە فەرهەنگی چینی لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە زانکۆی سەلاحەدین کرا تا لەو پێشانگایانەدا کلتووری چینی ئاشنای کۆمەڵگەی کوردی بکەن. هەروەها قسە لەسەر ئاڵوگۆڕی مامۆستایان وقوتابیانی نێوان زانکۆکانی چین و زانکۆی سەلاحەدین کرا تا ببێتەهۆی پتەوکردنی پردی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی نێوان هەردوو گەلی چینی و کوردی.
جێگری کونسلی گشتی کۆماری چینی میللی داوای لە سەرۆکی زانکۆ کرد کە ئەو ماستەرنامەو تێزی دکتۆرایانەی لە بواری زانستە سیاسیەکان و مێژووی کوردستان و نەتەوەی کوردو کۆمەڵناسی کوردی بە زمانی ئینگلیزی نوسراوەتەوە پێشکەش بە کونسولخانەی چین بکرێت تا لەو رێگەوە بتوانرێت فەرهەنگ و زمان و مێژووی و جوگرافیای کوردستان ئاشنای کۆمەڵگەی چینی بکرێت.
بەروار :٢٠١٦/٢/١٦