
ڕێککەوتی ۱ـی ۲ـی ۲٠۲٥ بە ئامادەبوونی " پ.د.فرهاد عەلی " یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان و خوێندن و بەرپرسی لقی بیست و چواری سەفین و "پ.د.چەتۆ حەمەدەمین" ڕاگری کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی و "د.تەها ڕەسو"بەرپرسی دامەزراوەی "کەریم عەلەکە" و مامۆستا و توێژەران بەشی زمانی کوردی کۆلیژی پەروەردەی شەقڵاوە بە هاوبەشی دامەزراوەی "کەریم عەلەکە" بە دروشمی (ئەدەبی زارەکی، هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی ڕابردوومان) دیداری ئەدەبیی (ئەدەبناسیی زارەکی و فۆلکۆری کوردی) سازکرد.
دیدارەکە لە هۆڵی (کوێت) لە کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین لە کاتژمێر (١٠:٠٠)ی بەیانی دەستیپێکرد، تا کاتژمێر (٤:٠٠)ی ئێوارە بەردەوام بوو.
لە سێ پانێڵی جیاوازدا چەندین توێژینەوە و بابەتی زانستی لەلایەن مامۆستایان لە کولیژی پەروەردەی شەقڵاوە و بەشە کوردییەکانی تری زانکۆمان و کۆمەڵێک توێژەری تر لە شارەکانی تر و پارچەکانی تری کوردستان پێشکەشکرا.
جگە لەوە توێژینەوەکانی دیدارەکە، کە لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکرابوو، بەسەر ئامادەبواندا دابەشکرا، هەروەها قەلغانی سوپاسگوزاری لەلایەن بەڕێز ڕاگری کۆلیژ پێشکەشی (دامەزراوەی کەریم عەلەکە، کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان) کرا و بڕوانامەی بەشداریکردن پێشکەشی توێژەران و پانێڵیستەکان کرا.