
"پ.ی.د. ئازاد عبدالعزیز سەرۆکی بەشی راگەیاندن بە ئامادەبوونی "پ.ی.د. هاوژین عمر "بڕیاردەری بەش و "م.ی. بەختیار حمید " م پێشوازیان لە شاندێکی رێکخراوی(IREX)ی ئەمریکی کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە "جاکی سپینەر، دلۆڤان بەرواری"
لە دانیشتنێکەدا باس لە پێداویستی پرۆگرامی بەشەکانی ڕاگەیاندنی زانکۆکان بەگشتی و زانکۆی سەڵاحەدین بەتایبەتی کرا، تیشک خرایە سەر پڕۆگرامی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە بەشی ڕاگەیاندن و بەگرنگییەوە باس لە بابەتی رۆشنبیری و پەروەردەی میدیایی کرا، کە بابەتی پەروەردەی میدیایی لە ناواخنی پرۆگرامەکانی بەشی ڕاگەیاندن وەک وانەیەکی سەرەکی دەخوێندرێت و بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت، ئەمەش بووە مایەی خۆشحاڵی شاندی ناوبراو، چونکە بە گوتەی خۆیان لە زانکۆکانی ئەمریکا ئەم بابەتە لە بەشەکانی میدیادا بابەتی سەرەکییەو جێی گرنگی پێدانە، هاوکات باس لەوەشکرا، چۆن بتوانرێ بابەتی پەروەردەی میدیایی لە مەنهەجی بەشە جیاوازەکانی دیکەشدا جێگەی بکرێتەوەو وەکو بابەتی سەرەکی بخوێندرێت.
جگە لەمەش تاووتوێی ئەوە کرا چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانرێێت ئەم بابەتە لە قۆناغە جیاوازەکانی دیکەی خوێندن بخوێندرێ و دواتریش بۆ نێو کۆمەڵگە شۆڕبکرێتەوە.
لای خۆیانەوە مامۆستایانی بەشی ڕاگەیاندن، چەند ڕێگەو میکانیزمێکییان خستەڕوو، کە جێگەی رەزامەندی
شاندەکەبوو.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە پێداویستی و گۆڕانکارییەکانی مەنهەجی خوێندن و بەرەوپێشبردنی بابەتی پەروەردەی میدیایی بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی فراوانتر ئەنجامبدرێت.