
هەزاران قوتابی و مامۆستایانی زانکۆ رژانە سەر شەقام
ئێمە مامۆستا و قوتابیانی بەش و کۆلیژەکانی زانکۆی سەلاحەددین و زانکۆی پولیتەکنیک لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بە دەنگێکی بەرز ئیدانەی قسەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بکەین کە دژایەتیکردنی دەنگی گەلی کوردستانی بە سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش شوبهاندووە.
ئەو وتەیەی عەبادی دەرخەری عەقلیەت و جۆری بیرکردنەوەی بەشێکی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراقە کە بە شێوەیەکی مەترسیدار دژایەتیی گەلی کوردستان دەکات. سەرباری ئەوەیش بڕیار و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراقی لەدژی گەلی کوردستان نادەستووری و نایاسایی و سزادانی بە کۆمەڵی گەلی کوردستانە.
بەکارهێنانی هێزی چەکدار و کارتی بودجە لەدژی خەڵکی کوردستان نەک تەنیا پێشێلکردنی دەستوورە بەڵکو پێشێلکردنی هەموو عێراق و چەمکی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانە کە حکوومەتی عێراقی بەشێوەیەکی مەنهەجی کاری بۆ دەکات.
شوبهاندنی پەیامی ئاشتیانەی گەلی کوردستان بە داعش لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقی نابەرپرسیارانەیە و پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەو قسانەی عەبادی سووکایەتیکردنە بە دەنگی ئاشتیانە و دیموکراتیانەی سێ ملیۆن مرۆڤ کە جگە لە دەربڕینی ڕای خۆی هیچی لەدژی کەس نەکردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە گەلی کوردستان زیاتر لە ١٨٠٠ شەهید و دەهەزار برینداری لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەخشیوە و بووە بەرگریکاری هەموو جیهان. عەبادی ناتوانێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ئەوە پێشمەرگە بوو ئەفسانەی داعشی شکاند و زەمینەی بۆ شکستی داعش خۆش کرد. ئازادکردنی موسڵ بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە بوو. پێشمەرگە هێڵە بەرگرییەکانی داعشی لە موسڵ شکاند و کلیلی سەرکەوتنی دایە دەست عەبادی و ڕێگەی بۆ هێزەکانی عێراقی خۆش کرد کە بچنە ناو شاری موسڵ.
ئابڵۆقەدان و سزای بەکۆمەڵ و ئاوارەکردنی خەڵک و ئەنفالی دوزخورماتۆ و ئەو هەڵسوکەوتەی سەرۆک وەزیرانی عەبادی لە دژی کوردستان دەستی پێکردووە هەڵسوکەوتێکی دوژمنکارانەیە و دوورە لە دەستوور و یاسا و پڕەنسیپی پەیمان و وەفا و درێژەپێدەری سیاسەتی نکۆلیکاری بەعسە لە سەددەی ڕابردوو و بگرە خەراپتریشە. داعش خەڵکی ئاوارە کرد و گەلی کوردستان ئاوارەکانی حەواندەوە، حکوومەتەکەی عێراقیش هاوشێوەی داعش دەیانهەزار هاووڵاتیی ئاوارە کردووە و تاوانی دەرهەق خەڵکی کوردستان ئەنجام داوە و بێ باکانە بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان.
لێرەدا بە عەبادی و هەموو ئەوانەی وەک عەبادی بیردەکەنەوە، ڕادەگەیێنین کە گەلی کوردستان ئازادیخوازە و خۆی لەبەرانبەر هیچ زوڵم و گوشار و زێدەڕۆییەک بەدەستەوە نادات. ئێستا جیلێک لە کوردستان پێگەییشتووە کە ئاشنای ئازادییە و شارەزایە لە دژایەتیکردنی زوڵم و چەوساندنەوە. پێویستیشە عیبرەت لە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی عێراق وەربگرن، هەمیشە زمانی زۆر و چەک و خۆسەپاندن لەدژی گەلی کوردستان شکستی خواردووە. ئەو ڕەفتارەی ئێستای حکوومەتی عێراقیش زۆر بە ڕوونی پێشانی دەدات کە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم زۆر ڕاست و لەشوێن خۆیدا بووە.