
پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بە ئامادەبونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پێشوازیکرد لە شاندێکی کونسولخانەی گشتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر بە سەرۆکایەتی کونسولی گشتی ماتیاس متمان و ستیوارت هاتشەر راوێژکاری کاروباری گشتی لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغداو بەڕێوەبەری کاروباری گشتی دەگ مۆرۆ، لە دانیشتنێکدا باس لە پەیوەندی زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی ئەمەریکا کراو جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری کونسولخانەی ئەمەریکا بۆ مامۆستایانی زانکۆ کرایەوە بەتایبەت بۆ ئەو مامۆستایانەی بەمەبەستی زانستی سەردانی زانکۆ ئەمەریکیەکان دەکەن.
هەروەها سەرۆکی زانکۆ لەم کۆبونەوەیەدا تیشکی خستەسەر رەوشی خوێندن لە زانکۆی سەلاحەدین و ئەو ئاستەنگانەی ئێستا بە هۆی قەیرانی دارایی روبەڕووی زانکۆکان بۆتەوە لە ئەنجامی بڕینی بوودجەی کوردستان و قورسایی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی وزەی جیهانی.
لەلایەکی دیکەوە کونسلی گشتی ئەمەریکا رایگەیاند سەردانەکەیان بەدواداچونەوەیە بۆ پەیوەندی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆ ئەمەریکیەکان بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە راهێنانی مامۆستایان لە زانکۆی ئەپلاچیان لە بارەی پەرەپێدانی پڕۆگرام و قوتابیانی سبلیت سایت و بەرنامەی هاوبەشی زانکۆی سەنسەناتی و لە بواری پەروەردەو ئابووری. لە دیدارەکەدا بە ئامانجی سوود وەرگرتنی زانکۆی سەلاحەدین لە زانکۆ ئەمەریکیەکان بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین سەردانی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بکات.
لە هەمان رۆژ شاندەکە سەردانی ئۆفێسی کۆڕنەری ئەمەریکیان لە زانکۆی سەلاحەدین کرد کە زانکۆی سەلاحەدین یەکەم زانکۆ بوە لە کردنەوەی ئەو کۆڕنەرە کە سوودی بۆ قوتابیانی خوێندنی باڵا هەیە لە دابینکردنی سەرچاوەی زانستی لە کتێب و بڵاوکرایەوەی ئەکادیمی.
بەروار :٢٠١٦/٢/١٠