
زانکۆی سەلاحەدین و رێکخراوی مەسەلە لەدیدارێکی هاوبەش
بەپشتگیرى یەکێتی ئەوروپاو رێکخراوی UPP ، کۆلیژی ئەدبیات بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی مەسەلە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان،دیدارێکیان بەناونیشانی (فەرهەنگ و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەنتەرى زانکۆدا ساز کرد. لەم دیدارەدا کە د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ود. ئەحمەد دزەیى سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ.ئامادە بوون ،سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد تێیدا باسی لە رەوشی پێکەوەژیان کرد لە هەرێمی کوردستان و عیراق، لەبەشێکی ووتەکانیدا ووتی (ئەم دیدارە لە کاتێکدا سازدەکرێت کە بەدۆخێکی ناهەموار و گوتاری پر لە توندوتیژیدا تێدەپەرین، ئەمەش لە دەرەنجامی ئەم جەنگە درێژخانەیە کە لە ناوچەکە هەیەو بەهۆیەوە ئاین ناشرین دەکرێت و پێکهاتەکان پەراوێز دەخرێن. لای ئێمە ئیسلام هێمایەکە بۆ ئاشتی و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بە پرۆگرامەکانی پەروەردە و ئاین تاوەکو رێگە بگرین لە بڵاوبوونەوەی بیری توندوتیژی. هەروەها وتی کە زانکۆ لەم ئەرکە مرۆییە پیرۆزەدا رۆڵی کاریگەر دەگێرێت، پێویستە کار لەسەر کەلتوری فرەرەنگی بکەین و رێز لەجیاوازی نێوان پێکهاتەکان بگرین، بۆ ئەمەش پێویستە هەستی بەرپرسیارەتی بڵاوبکەینەوەو خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆجی هاوچەرخمان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئاستی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان. دواتر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ووتارێکیدا گرنگیدان بە تەوەری پێکەوەژیانی بەرزنرخاند، لەبەشێکی قسەکانیدا ووتی (مافی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان هەر لەسەرەتای دامەزراندنی عیراقەوە شوێنی مشتومر بووە، لەماوەی هەشتا ساڵی رابردوو ئەم دەوڵەتە لێبوردەیی خۆی لەدەستداوە. کە رژێمی عیراق رووخا هەموو پێکهاتەکان هیوایەکیان بۆ دروست بوو بەڵام ئێستا دووبارە ئەو مافانە پێشێڵ دەکرێت کەلەدەستور ئاماژەى پێکراوە، بەشێکی زۆری کەمینەکانی عیراق کۆچ دەکەن. لەبەشێکی دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران ووتی لە کوردستان کەلتوری فرەیی هەیەو دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین ئەم کەلتورە بپارێزین و کاری زیاتری بۆ بکەین. لەکوردستان بەتایبەت لەبواری پەروەردەو خوێندنی باڵادا دەرفەتێکی زۆر بە پێکهاتە جیاوازەکان دراوە، بۆ نمونە لە زانکۆی سەلاحەدین بەشی سریانی کراوەتەوە کەلەسەر ئاستی عیراق هاوشێوەی نییە. لەبەشێکی دیکەی مەراسیمی دەستپێکدا، کارۆخ فازیل (سەرۆکی رێکخراوی مەسەلە) باسی لەو دیدارە کردو ووتی، ئێمە پرۆژەیەکمان هەیە بۆ پەرەپێدانى تواناکانی گەنج بۆ داهاتویەکی گەش، لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا ئەم دیدارە هاوبەشەمان سازکردووە، ئامانجی سەرەکیمان لەو دیدارە بریتیە لە ناساندنی پێکهاتەکان بە گەنجان و پەرەپێدانی کەلتوری یەکتر قبول کردن و گەشەپێدانی کەلتوری پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان. شایەنی باسە ئەم دیدارە هاوبەشە بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام بوو کە تێیدا نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانى هەرێمی کوردستان بەشداربوون، لەمیانی دوو پانێلدا پێکهاتەکان باسیان لە ڕەوشی پێکهاتەکەیان و دۆخی پێکەوەژیان کرد لە هەرێمی کوردستان.