بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و پ.د.ئیبراهیم حەمەڕەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. محمد رشید موختار یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.ی.د.سەعدوڵڵا عەباس رشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و راگرو سەرۆک بەشەکانی کۆلێژەکان، لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین بە بۆنەی ساڵی تازەی خوێندنی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ کۆبونەوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو. لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە ئامادەبووان کردو رێنمایی تازەی بە راگرو سەرۆک بەشەکاندا، هەروەها سوپاسی مامۆستایان و کارمەندانی کرد کە لە نزیکەی چوار مانگە بەبێ مووچە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن بە تایبەت ئەو بەڕێزانە لە پشوی هاویندا کاریان کردووە. هەر لە هەمان رۆژدا ئەنجومەنی زانکۆ یەکەمین کۆبونەوەی ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ی خۆی ئەنجامدا کە تیایدا چەندین بڕیاری گرینگ لە بەرژەوەندی زانکۆ درا، هەروەها کۆبونەوەکە جەختی لەسەر ئەنجامدانی چالاکیی ئەکادیمی و رۆشنبیری و زانستی کردەوە کە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و چاندنی رۆحی پێکەوەژیان و ژینگە پارێزی و کۆچی گەنجان تێیدا رەنگ بداتەوە. کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ ئەمساڵ بایەخی زیاتر بە رێنمایی و هۆشیاری قوتابیان بدرێت و هەموو کارەکانیش بە ئاڕاستەی بە سیستماتیکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی زانکۆ بکرێت و کاروبارەکە کارگێڕییەکان و پەیوەندی نێوان مامۆستایان و قوتابیان و سەرۆکیایەتی بەش و راگرایەتی و سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئەلیکترۆنی بکرێت.
بەروار :٢٠١٥/٩/٨