
کاتژمێر ١٠ى بەیانى رۆژى چوارشەممە ١٧-٨-٢٠١٦، لەدیوانى سەرۆکایەتى زانکۆى سەلاحەدین (د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى لە بەڕێوەبەرى پەروەردەى قەزاى مێرگەسۆرى کرد، ئەمەش بەیاوەرى کۆمەڵێک لەخەڵکى دەڤەرەکە، هاوکات لەنێوەندى دانیشتنێکدا باسیان لەبەرزکردنەوەى نووسراوێک کرد، کە تیایدا داوا دەکەن کۆلیژى پەروەردەى بنەڕەتى لەقەزاى مێرگەسۆر بکرێتەوە، بۆ پێزانین هەمان نووسراو ئاراستەى نووسینگەى رێزادار سەرۆکى حکومەت و وەزارەتى پەروەردە کراوەتەوە بۆ هەمان مەبەست، لەلایەکى دیکەوە سەرۆکى زانکۆ دواى بەخێرهێنان باسى لەرۆڵى زانکۆى سەلاحەدین کرد لەمەڕ دامەزراندنى زانکۆکانى سۆران و کۆلیژى پەروەدەى شەقڵاوە و کۆلیژى پەروەردەى مەخموور، لەتەک ئەو هەموو هاوکاریانەى کە پێشکەشى زانکۆکانى کوردستانى کردووە چ لە رووى زانستى یاخود لەرووى گەشەپێدانى زانکۆکان، هاوکات (د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى) سەرۆکى زانکۆ پشتگیرى تەواوى داوکاریەکانیانى کرد و جەختى لەوە کردەوە کە زانکۆى سەلاحەدین لەکردنەوە و دامەزراندنى ئەمجۆرە کۆلیژە تواناى هەیە، لەنێوەندى قسەکانیشدا جەخت لەچەندین مەرج کرایەوە بۆ کردنەوە و دامەزراندنى کۆلیژێک لە قەزاى مێرگەسۆر وەک، دابینکردنى باڵەخانە بۆ کۆلیژ و بەشەکانى و دابینکردنى شوێنى مانەوەى مامۆستایان و بەشەناوخۆیى کوڕان و کچان، هەروا دانان و دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ دامەزراندنى کۆلیژ و لەمەش گرنگتر دابین کردنى بودجەیەکى تایبەت تا زانکۆ بتوانێ گرێبەست لەگەڵ مامۆستایان ئەنجامبدا، تاوەکو میلاک دادەنرێ.
بەروار :٢٠١٦/٨/١٧