
پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبونی دکتۆر سەفین یاسین راگری کۆلێژی ئەندازیاری و دکتۆر محەمەد عەزیز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان پێشوازیکرد لە پرۆفیسۆر دکتۆر هێنت شیل سەرۆکی بەشی میکانیک لە زانکۆی فرایبێرگی ئەڵمانی، لە دانیشتنێکدا باس لە پەیوەندییە دۆستانەى نێوان هەردوو زانکۆ کرا، پرۆفیسۆر هێنت شیل مەبەستی سەردانەکەی بۆ سەرۆکی زانکۆ روونکردەوە کە ئامادەییان تێدایە بەردەوام بن لەسەر پڕۆژەی MEGI بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندن و نۆژەنکردنەوەی تاقیگەی بەشی ئەندازیاری میکانیک کە لەسەر بودجەی رێکخراوی DAAD ی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠٠٩ وە کاری لەسەر دەکرێت. لەبەرامبەردا سەرۆکی زانکۆ سوپاسیکردن لە پەرۆشیان بۆ زانکۆی سەلاحەدین بەتایبەت بۆ ستافی DAAD کە لە زۆر بەرنامەدا هاوکاری زانکۆی سەلاحەدین دەکەن، هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ماوەی پەرەپێدانی پڕۆژەکە بۆ ساڵی ٢٠١٦- ٢٠١٧ درێژ بکرێتەوە.
هەروەها لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر دانانی بەرنامەی کردنەوەی کورسی دبلۆمی باڵای پیشەیی بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە کۆلێژی ئەندازیاری بکرێتەوە. شیاوی باسە لە دانیشتنەکەدا دکتۆر عەبدولقادر عەلی وەک هەماهەنگیکاری پڕۆژەکە ئامادەبوو.
بەروار :٢٠١٦/٥/١٥