
لە دیدارێکى نێوان د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین وپرۆفیسۆری ناسراوى ئیتاڵی لە بوارى زانستى کیمیاگەرى دا (جیۆڤانى ڤیداری) لە سەرۆکایەتى زانکۆدا، سەرۆکى زانکۆ رۆڵی پرۆفیسۆر جیۆڤانى بەرز نرخاند لە هاوکارى کردنى مامۆستاو قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین لە بواری زانستی کیمیاگەرى دا،بە تایبەت دواى پەرەسەندنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى نێوان زانکۆ ئیتاڵیەکان و زانکۆکانى کوردستان لە دەرەنجامى سەردانی کردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) بۆ هەرێمی لۆمپاردی ئیتاڵیا و دواتریش ناردنى شاندێکى وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوهەرێمە و ئەنجامدانى چەند رێکەوتنێکى ئەکادیمى لە نێوان هەردوو لادا .
لە دەسپێکی ئەو رێکەوتنانەشدا سێ قوتابی زانکۆی سەلاحەدین لەرێگەى ئەو پرۆگرامەوە بڕوانامەى دکتۆرایان لەو زانکۆ ئیتاڵیەدا بەدەست هێنا،واش بڕیارە لە داهاتووشدا دوو قوتابی دیکە بڕوانامەى دکتۆرا و قوتابیەکیش بڕوانامەى سەروى دکتۆرا لەو زانکۆیەدا وەربگرن.
بەم بۆنەیەشەوە سەرۆکی زانکۆ دیاری زانکۆی سەلاحەدینى وەک رێز لێنانێک لە هەوڵە زانستیەکانى ئەو پرۆفیسۆرە بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى و هاوکارییەکانى بۆ زانکۆى سەلاحەدینى بەو پرۆفیسۆرە جیهانییە بەخشی .
بەروار :٢٠١٧/١/١٨