
بە ئامادەبوونى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى راپەڕاندنى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى و ژمارەیەکى زۆر لە نوێنەرو سەرۆک زانکۆ حکومى تایبەتیەکان و سەرۆک دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى کوردستان و زیاتر لە ١٠٠ زانکۆى ئەندام لەو یەکێتییە،کۆنفرانسى نا ئاسایى یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى لە شارى عەممان ـ ى پایتەختى وڵاتى ئوردن دەستى پێکرد .
لەو کۆنفرانسەدا کە بە میواندارى زانکۆى زەیتونەى تایبەت لە عەممان بەڕێوە چوو، چەندین تەوەرى گرنگى تایبەت بە کاروبارى ئەو یەکێتى یە تاو توێ کران،لە سەرووى هەمووشییانەوە بە ئەندام بوونى دە زانکۆى هەرێمى کوردستان بوو لەو یەکێتى یە،کە بریتى بوون لە زانکۆکانى ( سلێمانى،کۆیە،پۆلە تەکنیکى سلێمانى،گەشەپێدانى مرۆیى،سۆران،جیهان،بەیان هەولێرى نێودەوڵەتى ،پۆلەتەکنیکى هەولێرو زانکۆى لبنانى فرەنسى ) بەمەش ژمارەى ئەو زانکۆیانەى هەرێمى کوردستان کە لەو یەکێتییەدا بوونەتە ئەندام گەیشتە حەڤدە ئەندام و قورسایى زانکۆکانى کوردستان لە بڕیارە زانستى و مەعریفییەکانى ئەو یەکێتیە لە جاران کاریگەرتر دەبێت ، بۆ خزمەت گەیاندن بە پرۆسەى زانستى لە هەرێمى کوردستاندا .
هەر لە کۆنفرانسەکە بڕیار درا کە ماوەى دەستەى ئەمیندارى یەکێتى بۆ ماوەى ساڵێکى تریش درێژ بکرێتەوە کە زانکۆکانى کوردستان کاریگەرییەکى زۆریان هەبوو لە سەر دەرکردنى ئەو بڕیارە، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر بەو دەستەی لە رووى بە ئەندام بوونى ئەو ژمارە زۆرەى زانکۆکانى کوردستان و ئەگەرى ئەنجامدانى پەنجایەمین کۆنفرانسى داهاتووکە وا بڕیارە لە کۆتایى ساڵى داهاتوودا،لە عیراق یان لە هەرێمى کوردستاندا ئەنجام بدرێت و دەستەیەکى نوێ ى تێدا هەڵبژێردرێ کە یەکێک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان بکرێتە ئەندامى دەستەى ئەمیندارى گشتى یەکێتییەکە .
بەروار :٢٠١٦/١٢/٦