
كاتی دانانی تاجهگوڵینه لهبهردهم وێنهی شههید.
ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتی ٢٠١٧/١٢/١٠، بەشی راگەیاندنی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین، مەراسیمێکی بۆ چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووس شەهید ئەرکان سازکرد. لە مەراسیمەکەدا بە ئامادەبوونی خانەوادەو کەسوکاری شەهیدو ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ ئامادەی بوون، چەندین وتار لەهەمبەر شەهیدکردنی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف خوێندرایەوە، کە چۆن لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تیرۆرکرا. هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری خانەوادی شەهید لەلایەن محەمەد شەریف برای شەهیدی رۆژنامەنووس خوێندرایەوە، تێیدا شەهیدکردنی ئەرکان شەریف بە دڕندانەترین شێوەو بەبەرچاوی ماڵ و منداڵیەوە ریسواو شەرمەزارکرد. دواتر هەر لە مەراسیمەکەدا وەک وەفایەک بۆ خوێنی پاکی شەهیدی رۆژنامەنووس، پەنجا گوڵ لەسەر وێنەی شەهید دانرا، وەک دەربڕینێک کە لە تەمەنی پەنجا ساڵی شەهیدکرا. هەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا پیشانگایەکی فۆتۆگرافی لەلایەن محەمەد کەرکووکی، ئەو گەنجەی کە ئاڵای عێراقی لەنێو شاری کەرکووک هێنایە خوارەوە کرایەوە، کە وێنەکان گوزارشت بوو لە خیانەت و هەروەها تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە گەلی کورد.
شایەنی باسە رۆژنامەنووس و وێنەگری کوردستان تیڤی شەوی ٢٩-٢٠١٧/١٠/٣٠ لە شارۆچکەی داقوق بە دڕندانەترین شێوە لە ماڵەکەی خۆی بەبەرچاوی خێزان و منداڵەکانی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شەهیدکرا.