
لە رێورەسمێکدا لە کۆلیژی پەروەردەى زانکۆی سەلاحەدین بەشی زمانى سریانی بەشێوەیەکی فەرمی کرایەوە، لە رێورەسمەکەدا کە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو نوێنەری وەزارەتی پەروەردەو سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و یاریدەدەرەکەی و بەرێوەبەری ناحیەی عەنکاوەو ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و مامۆستایان زانکۆ تێیدا ئامادەبوون، بۆ یەکەمین لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بەشێک بکرێتەوە کە تایبەت بێت بە زمان و کەلتورو ئەدەبی سریانی وەک پێکهاتەیەکی تایبەتی هەرێمی کوردستان. ئامانجی کردنەوەی ئەو بەشە لە زانکۆی سەلاحەدین بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە زانکۆی سەلاحەدین وەک دەستپێشخەریەک بۆ قوڵکردننەوەی پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە جیاوازیەکان هەڵساوە بە کردنەوەی ئەو بەشە. لە سەرەتاشدا بۆ قۆناغی یەکەم (٢٠) قوتابی وەرگیراون. هەروەها وەک سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەى پێکرد کە لە ساڵی داهاتوو ئەم ژمارەیە زیاد دەکرێت و پێکهاتەکانی دیکەش لەو بەشە وەردەگیرێن لە پێناوی تێکەڵکردنی کەلتورە جیاوازەکان و ئاشنا بوون بە کەلتورە نوێیەکان. هەروەها سەرۆکی بەشی سریانی ئەوەی راگەیاند کە لە ساڵی داهاتوەوە قوتابیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش لەو بەشە وەردەگیرێن.