لە ڕێکكەوتى 3ی ئابی 2025 بە ئامادەبوونى "د. سەباح ئیبراهیم وەیس" راوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، "د. خەتاب ئەحمەد شێخانى" بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، "م. حسین احمد مستەفا" بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كار و كارسازی زانكۆی سەلاحەدین و بەڕێوەبەری سەنتەرەكانی پەرەپێدانی كار (CDC) لە وەزارەت و زانکۆکان، وۆرکشۆپی راهێنانى راهێنەران (ToT) بۆ چۆنیەتى وتنەوەى پرۆگرامى کارسازى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستی پێکرد كە ماوەی سێ ڕۆژی خایەند و 5ی ئاب كۆتایی هات.
ئامانج لە وۆرکشۆپەکە ئاشناكردنی بەشداران بوو بە چۆنیەتی وتنەوەی پڕۆگرامی كارسازی و پاشان ڕاهێنانی ئەو مامۆستایانەی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەم وانەیە بەشێوازی كرداری دەڵێنەوە.
شیاوی ئاماژەیە، سەنتەری پەرەپێدانی كار و كارسازی زانكۆی سەلاحەدین بەشداری كارای هەبووە لە ئامادەكردنی پڕۆگرامی كارسازی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، كە بە هەماهەنگی و هاوكاری نێوان وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP) و دەزگای ڕوانگە سەركەوتوانە تەواوكرا. كە ئەوەش هەنگاوێكی دیكەیە بە ئاراستەی پەرەپێدانی تواناكانی قوتابییان لە بواری كار و كارسازی دوای خوێندنی پڕۆگرامی پەروەردەی پێشەنگكاری لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە ساڵی 2017 دا، وەك تاكە پڕۆگرامی پێشەنگكاری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا.