گەندەڵی، دەستنیشانکردن و بنبڕکردنی
پێشەکی و ئامانج
عیراق یەکێکە لەو ووڵاتانەى ريژەى گەندەلى تێيدا بەرزە بە پێی ڕیزبەندی جیهانی کە دەزگای شەفافیەتی جیهانی دەری دەکات. ئەوەشیان زیاتر دەگەرێتەوە بۆ هەبوونی سامانی نەوتی. کۆی سامان و داهاتی نەوتی مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی ١٠٠ سەد ملیار دۆلاری ئەمریکی کە نزیکەی ٩٠٪ بودجەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. ووڵاتێک کە سیاسەت و سیاسیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دەست دەخاتە کار و بار و سامانی. تۆڕی گەندەڵی لە عیراق بە پرۆژەیەکی توند و تۆڵ و بەهێز دادەنرێت، بە شێوەیەک کە بەرەنگاربوونەوە و شەڕکردن دژی گەندەڵی ئەرک و تەحەددایەکی قورس دەبێت.
هەبوونی عیراق لە لیستی ٢٠ ووڵاتە هەرە خراپەکانی جیهان لە گەندەڵی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی ئەزموونی حوکمڕانی لە کەرتی گشتی، تێکهەڵکێشان و کاریگەری ئەزموونی حکومەتەکانی پێشووتر لە کاتی قەیرانەکان، نەبوونی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ بەڕێوەبردنی داهات و لێشاوی پارە لە ووڵات دا، هەروەها نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەنە سیاسیەکانی دەسەڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەخشەکێشانی ستراتیژێکی ڕوون بۆ دژایەتی کردنی.
شایانی باسکردنە کەوا پرۆگرام و نیازەکانی دژایەتی کردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چەندین جار لە دایک بوون لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەڵام رۆژی ڕوونیان نەبینی و نەگەیشتنە ئامانج و لەبارچوون. ئەو هەوڵانە زۆربەی جار دووچاری ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و هێزی چەکداری نایاسایی دەبوونەوە، لە کاتێک کە ئیرادە و نیەتێکی ڕاستەقینەش نەبووە لەلایەنە سیاسیەکان، جگە لەوەش پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەش رێگری کردووە بە هەبوونی بۆند و یەکبەستنی خێڵەکی و خزمایەتی کە پاڵپشتیەک بۆ گەندەڵکار دروست دەکات، لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە نەبوونی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی و کەمی زانیاری و داتا و پێوانەکانی گەندەڵی بە شێوەیەکی زانستی.
گەندەڵی لە عیراق بەرەو بەهێزبوون دەچێت لەبەر هەبوونی گەندەڵی لە دەسەڵاتە عەسکەری و ئەمنیەکان بەشێوەیەک بەرەنگاربوونەەوەیان دەبێتە تەحەددایەکی گەورە لە پێش هەر حکومەتێکی نوێ. بە قاچاخ بردنی نەوت و دەرهێنان و بەرهەمهێنان و بەهەدەردانی لە ژێر چەتر و پارێزی هێزەکانی سەربازی و ئاسایش بۆتە مەترسیەکی حەتمی. ئەمە بەتایبەت لە خوارووی عیراق بە هۆی بڵاوبوونەوەی هێزی چەکداری جیاواز لە دەرەوەی یاسا و هەبوونی میلیشیا و گروپی چەکداری نایاسایی وەکو دیاردە.
جێگای ئاماژەپێکردنە کە لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق پارەیەکی زۆر کەمی بەرهەم و داهاتی نەوت لە باشترکردنی گوزەرانی خەلکی ئاسایی ووڵاتەکە خەرجکراوە، بە پێچەوانەوە، بە چاودێری تۆڕێكی گەورەی گەندەڵی داهاتی نەوت بەسەر چەند کەس و گروپێک دابەش دەکرێت.
توێژینەوە و دیراسەتەکان لە بواری گەندەڵی کەم و دەگمەنن لەبەر هەستیاری بابەتەکە. ئەو توێژینەوە و نووسراو و بابەتانەی سەبارەت بە شیکردنەوە و دەستنیشان کردنی گەندەڵی بڵاو دەکرێنەوە زۆربەیان ئەکادیمی نین و تاکەکەسین و بەڵگە و زانیاری ئەوتۆی لەگەڵ نیە. نەبوونی داتاو زانیاری دروست و کەمی توێژینەوەکان بۆشاییەکی بەرچاوی دروست کردووە لە سەرچاوە و زانیاریەکان. بۆ ئەم مەبەستە ئەكاديمياى دەسپاكى لە دەستەى دەسپاكى هەرێمى كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەلاحەددین پرۆپۆزەلی ڕیکخستنی سیمپۆزیەمی کۆد ( گەندەڵی، دەستنیشان کردن و بنبڕکردنی) دەخاتە ڕوو.
کۆد، دەستپێشخەریەکی پیشەگەرانەیە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆیی و جیهانی بە پرسی گەندەڵی بەمەبەستی بەیەکگەیشتنیان بۆ گفتوگۆ کردن و ڕاسپاردەکردنی ڕێگەچارەکان. کۆکردنەوەی بیروڕا و توێژینەوەکان بۆ دۆزینەوەی ڕیگای پاککردنەوەی ووڵات لە نەخۆشی گەندەڵی.
کۆد، پلاتفۆرمێکی ئەکادیمی دەبێت بۆ دەزگاکانی حکومی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و بۆ بەشداری کردن بە ریپۆرت و تێبینی و نووسین و بیرۆکە و بڵاوکراوەکان. ئەكاديمياى دەسپاكى لە دەستەى دەسپاكى هەرێمى كوردستان و سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەلاحەددین لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیەمە هەوڵ دەدەن کە شەرەفی خاوەندارێتی و ئەرکی کۆکردنەوەی باشترین توێژەران و ئەکادیمیەکانی ئەم بوارە لە ناوچەکەدا. ئەمە بە هەاوتەریب لەگەڵ بەخێر هێنانی بیرمەند و شارەزا نێودەوڵەتیەکان بۆ دروست کردنی پردی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و پیشەگەرایی لە نێوان بیرمەندە چالاکەکانی ئەم بوارە.
سیمپۆزیەمی کۆد، یەکەمین و گەورەترین چالاکی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ناوچەکە کە لەڕێگەیەوە بەرپرسان و بڕیاربەدەستان لەگەڵ ئەکادیمیا و کەسایەتتیە دیارەکانی بوارەکە بەیەک دەگەن لە گەڵ میدیا و ڕاگەیاندن. کۆد هەنگاوەکان فراوانتر دەکات بۆ تێگەیشتنێکی ئەکادیمیانە و زانستیانە لە گەندەڵی و چۆنیەتی دەستنیشان کردن و بنبڕکردنی. دروست کردنی نیەت و نیازی ڕاستەقینە بۆ دژایەتی کردن و لەناوبردنی گەندەڵی.
کۆد، بۆ ئامانجانەی خوارەوە دێتە ئاراوە و هەوڵ دەدات:
- دیاریکردنی بۆشاییەکان لە زانیاری و داتا سەبارەت بە ئامار و پێوانەکانی گەندەڵی لە عیراق و هەرێمی کوردستان.
- گفتوگۆ کردن لە سەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم نیەت و نیازی هەوڵەکانی دژی گەندەڵی.
- پێشکەش کردنی دوایین توێژینەوە و بەڵگە و داتاکان کە دیراساتەکانی بواری گەندەڵی و دژە گەندەڵی بەدەستیان هێناوە.
- خستنەڕووی نوێترین ڕێگا و داهێنان کردن لە میتۆدەکانی دەستنیشانکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی.
- دروست کردن و پەرەپێدانی هەڵمەتەکانی ووشیاری دژی گەندەڵی بە بەستنەوەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان بە حکومەت و ئەکادیمیەکان.
- تێکەڵکردنی کۆمەڵگە و خەڵک بە هەوڵەکانی دژی گەندەڵی بۆ پاڵپشتی کردنی توێژینەوە و هەنگاوەکانی دژە گەندەڵی.
کۆد، لەم بوارانەی خوارەوە نووسراو و بڵاوکراوە و توێژینەوەکان وەردەگرێت:
- میتۆدەکانی دەستنیشانکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی
- هۆشیارکردنەوەی دژی گەندەڵی
- پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر گەندەڵی
- پێکهاتەی ئابووری و کاریگەری لەسەر گەندەڵی
- ڕووانگەی ئایینی بۆ گەندەڵی
- گەندەڵی لە مێژوودا
- هەژاری و کاریگەریەکانی لەسەر گەندەڵی
- بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان
- هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی و بەگەڕخستنی کۆمەڵگە دژی گەندەڵی
- هۆیەکان و پاڵنەر و پاڵپشتیەکانی گەندەڵی
قسەکەر و پێشکەشکارە سەرەکیەکان دواتر دیاری دەکرێت.
جیا لەوەش سیمپۆزیەمەکە پێشانگای تایبەت و پۆستەر و بڵاوکراوەی تێدا نمایش دەکرێت.
ڕێکەوتە گرنگەکان:
- ڕێکەوتی سیمپۆزیەمەکە: ٦ی نیسان ٢٠٢٠
- دوایین بەروار بۆ پێشکەش کردنی پوختەکان: ٣٠ مارس ٢٠٢٠
تکایە سەردانی بەستەری کۆد بکە بۆ زانیاری زیاتر
https://su.edu.krd/research-center/CODE/
Or follow us on Facebook at:
https://www.facebook.com/CODE/