
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلیژی زمان و بەرێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ کونسلی گشتی کۆماری چین لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین
لە دیدارێکی تایبەتدا کە لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەرێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلیژی زمان و بەرێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان پێشوازی کرد لە کونسلی گشتی کۆماری چین بۆ تاوتوێ کردنی هەنگاوە پراکتیکیەکانی کردنەوى بەشی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین.
دواى ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین بریاریدا بۆ خوێندنی ئەمساڵ بەشی چینی بکاتەوە بە هەماهەنگی لەکەڵ کونسولخانەى چینی، شاندێکی تایبەتی کۆنسولخانەى چینی سەردانی زانکۆی کرد بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ئامادەسازیانەی زانکۆی سەلاحەدین کردوویەتی بۆ کردنەوەی بەشەکە. لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ بە ووردی باسی هەموو ئەو ئامادەسازیانەی کرد کە بۆ کردنەوەی بەشی چینی ئەنجامیانداوە، هەروەها ئەوەشی بە شاندی میوان راگەیاند کە باڵەخانەیەکی تایبەتیان ئامادەکردووە بۆ ئەم بەشە بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردەکانی زمانی چینی بگونجێ. بەشێک لەو پێداویستیانەی کە لەلایەن زانکۆی سەلاحەدین ئامادەکراوە جگە لە باڵەخانە، کردنەوەی کتێبخانەیەکی تایبەت و ئامادەکردنی چەندین هۆڵی وانەووتنەوەو هۆڵی تایبەت بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ بەستنەوەی بەش بە جیهانی دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی شوێنی تایبەت ئامادەکراوە بۆ مانەوەی ستافی ئەکادیمی و مامۆستایانی بەش کە لەلایەن کونسولخانەی چینیەوە ئامادەدەکرێن.
لای خۆیەوە کونسلی گشتی چین خۆشحاڵی خۆی دەربری کە زانکۆی سەلاحەدین توانیویەتی لە ماوەیەکی نمونەیی هەموو ئەم ئامادەکاریانە تەواو بکات، لە بەرامبەر ئەمەدا کونسولی گشتی ئەوەی دوپات کردەوە کە کونسولخانەی چینی ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەکە بۆ کردنەوەی ئەو بەشە. هەروها ئەوەشی راگەیاند کە وانە تایبەتیەکانی ئەو بەشە لە لایەن بەناوبانگترین دەزگاکانی ووڵاتی چینەوە ئامادەدەکرێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لەکۆتایی ساڵ مامۆستا و قوتابیانی بەشەکە بانگهێشت دەکرێن بۆ ووڵاتی چین بۆ بینینی خولی تایبەت و ئاشنابوونی زیاتر بە کەلتوری چینی.
وا بریارە لە بۆنەیەکی تایبەتیدا لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەشی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین بکرێتەوە بە ئامادەبوونی بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان.