بە ئامادەبوونى (د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی) سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و (د.مستەفا سابیر) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و چەند ڕاگر و مامۆستایەکى زانکۆ زانکۆى سەلاحەدین سێیەمین خولى پەرەپیدانى توانستى ئەکادیمى دەست پێکرد.
لەسەرەتاى رێ و رەسمەکەدا کە بەم بۆنەیەوە سازکرا، وتارێک لەلایەن (د.فەرهاد مستەفا) بەڕێوەبەرى فێرکردنى بەردەوام سەبارەت بە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى خولەکە و شێوازى وانەکان و رێکارەکانى پێشکەشکرا،دواتر سەرۆکى زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە گرنکى و بایەخى خولەکە و، رۆڵى لە دروست کردن و پێگەیاندنى توانستى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا کە دەیانەوێت ببن بە مامۆستا و لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە، هەروەها ئاماژەى دەستپێشخەریەکانى زانکۆى سەلاحەدین کرد لە ئەنجامدانى ئەو گۆڕانکارییانەى لە شێوازى وانە و خوێندنى خولەکەدا و، بۆتە سەرچاوەى پەیڕەوکردنى خولەکانى پێگەیاندن لە چەند زانکۆیەکى ترى کوردستان.
هەر لە درێژەى مەراسمەکەدا؛ مامۆستایانى خولەکە، دوابەدواى خۆناساندنیان، بەپێى پسپۆڕى و ئەو وانانەى دەیڵینەوە چەند رێنمایی ڕاسپاردەیەکیان ئاراستەى بەشداربووانى خولەکە کرد کە لەو ماوەی خوێندندا ڕەچاوى بکەن،خولى پەرەپێدانى توانستى ئەکادیمى پرۆسەیەکى ٦ مانگییە بۆ ئەوانەى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرایان هەیە، بەمەستى فێربوونى چۆنیەتى وانە گووتنەوە لەناو زانکۆکاندا و، مەرجێکە بۆ بەخشینى نازناوى زانستى بە بەشداربووان.