لەم پڕۆژەیە سێ هەزار دار و نەمامی جۆراوجۆر لە تەواوی کۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆکەدا دەچێنرێن.
ئەمڕۆ ڕێککەوتی ١٨ـی ٥ـی ٢٠٢٦ بەئامادەبوونی “ پ.د.کامەران یونس محمدامین” سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و “ د.چنار سعد” جێگری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان و “ د.ئامانج برادۆستی” بەرپرسی ناوچەی زانکۆ و “ زاهیر زاهیر “ بەرپرسی لقی قەڵات و سەرجەم ڕاگر و بەڕێوەبەرەکان و سەرۆک بەش و مامۆستایان پڕۆژەی چاندنی سێ هەزار دار و نەمامی جۆراوجۆر لە تەواوی کۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕاگەیەندرا.
هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە نێو کەمپەسەکانیدا دەستپێکردووە.
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی زانستی داڕێژراوە و تێیدا جۆری تایبەتی ئەو دار و نەمامانە هەڵبژێردراون کە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستاندا دەگونجێن، وەک داری سیسەم و گوڵی بیبی ڕۆز، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی کەمپەسێکی تەندروست، سێبەردار و خاوەن دیمەنێکی شارستانیی ڕێکخراو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان.
هەڵمەتەکە لەسەر ڕاسپاردەی پ. د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە مەبەستی سەوزترکردنی زانکۆکەمان ڕاگەیێنرا.
ئەم پڕۆژەیە سەرجەم کۆلێژ، بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین دەگرێتەوە و سێ هەزار نەمام لەخۆدەگرێت.
ئەو دارانەی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەستنیشانکراون، زیاتر لە جۆری داری سیسەمن کە بە داری خێرا گەشەکەر و خاوەن سێبەری گەورە ناسراون. ئەم دارە تایبەتمەندیی بەرگریکردنی لە گەرما و وشکی هەیە، پێویستی بە ئاوی کەمە.
٠ هاوکات لەگەڵ ئەم دارانەدا، گوڵی بیبی ڕۆز دەچێنرێت کە گوڵێکی بچووکی جوانی ڕەنگاوڕەنگە (سوور، سپی، زەرد، پەمەیی) و پێویستی بە خۆری ڕاستەوخۆ و ئاودانی مامناوەند هەیە بۆ ڕازاندنەوەی باخچەکان.