
د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆى سەلاحەددین لە گەڵ شاندێکی رێکخراوی یونسێف
د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆى سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد،کەپێکهاتبوون لە(وۆنگ گەنی گراس ـ سەرۆکی لیژنەی پەروەردەی) و (ماریا پارەدایس ـ پسپۆری پەروەردە) (جەیس پیلینس ـ راوێژکاری پەروەردەیی) و(سێرجی گابرسک ـ راوێژکاری پەروەردەی)
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە د.نەبیل بەرپرسی دڵنیایی جۆری لە زانکۆی سەلاحەدین و د. سەعید راگری کۆلیژی پەروەردەو د.سیراون عارەب راگری کۆلیژی پەروەردەی بنیات و د.محەمەد عزیز بەرێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ئامادەیبوون،باس لە دامەزراندنی سیستەمی هەڵسەنگاندن لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرا، بۆ ئەم مەبەستە شاندی میوان پێویستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری و ئاڵوگۆرکردنی شارەزایی بوو لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین.
لە دیدارەکەدا سەرۆکى زانکۆ تیشکی خستە سەر ئەو گرنگیدانە زۆرەی کە زانکۆی سەلاحەدین بە بواری پەروەردەی داوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێنج کۆلیژی بۆ بابەتە پەروەردەییەکان تەرخان کردووە ، لەم رووەوە زانکۆی سەلاحەدین پێشەنگەو هەمیشە بەرنامەو پرۆگرامی تازەى هەبووە بۆ پێشخستنی زیاتری بواری پەروەردە ، یەکێک لە هەنگاوە زۆر گرنگەکانیش دامەزراندنی کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتیە، کە تێیدا یارمەتیەکی زۆری وەزارەتی پەروەردەی داوە لەرووی دابین کردنی ستاف و پەرەپێدانی پرۆگرام. ئێستا ئەو کۆلیژە بەیانیان و ئێوارانی هەیەو کاری سەرەکی ئامادەکردنی مامۆستایە بۆ قۆناغی بنەرەتی بەپێی نوێترین ستاندەرد.
پاشان ستافی میوان سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینیان کرد بە هەوڵ و کۆششەکانی لەو بوارە، تیشکیان خستە سەر گرنگیدانى یونسیف بە بواری پەروەردە، بۆ ئەو مەبەستە بە گرنگیان زانیوە لە کوردستان هاوکاری دامەزراوەکانی پەروەردە بکەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ بۆ چۆنیەتی هەڵسەنگاندن، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستیان بە شارەزایی زانکۆی سەلاحەدین هەیە بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی سەرەتای پرۆژەکەیاندا هاوکارییان بکات.