
سەرۆک و نوێنەرانى زانکۆکانى کوردستان بۆ بەنێو دەوڵەتکردنى زانکۆکانى کوردستان لە پراغ
لە چوارچیوەى بەڕێوەچوونى پرۆگرامى ئیراسمۆسى یەکیتى ئەوروپا بۆ پێشخستنى زانستى و بە نێو دەوڵەتکردنى زانکۆکانى کوردستان ، شاندێکى زانکۆکانى کوردستان سەردانى زانکۆى میترۆپۆلیتانیان کرد لە شارى پراغ لە وڵاتى چیک،کە پێک هاتبوون لە د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و سەلاح رەزا سەعید سەرۆکى زانکۆى چەرمۆو نوێنەرانى زانکۆکانى سلێمانى و راپەڕین و هەڵەبجەو پۆلیتەکنیکى هەرێمى کوردستان . لەو سەردانەدا تاوتوێ ى کۆمەڵێ تەوەرى زانستى کرا کە پەیوەست بوون بە چۆنیەتى بە نێو دەوڵەتکردنى زانکۆکانى کوردستان و پەرە پێدانى پرۆسە زانستیەکان ، بە سوود وەرگرتن لەو پرۆگرامە . هەروەها شاندى ناوبراو ئامادەى چەندین سیمینارى زانستى بوو، کە لە لایەن پسپۆرو سەرۆک سەنتەرەکانى وڵاتانى وەک ئوسترالیاو سەنگافورەو ئەڵمانیاو چەندین زانکۆى جیهانییەوە ئەنجام دران، هەر لە چوارچیوەى ئەو پرۆگرامەدا شاندى زانکۆکانى کوردستان سەنتەرى هەماهەنگى نێو دەوڵەتى بوارى پەروەردەیان بە سەر کردەوە لە شارى پراغ، سەرۆکى سەنتەرەکە لەچەند سیمینارێکدا ئەرک و کارەکانى سەنتەرى بۆ شاندەکە روون کردەوە لە رووى هاوکارى کردنى ئەو قوتابیانەى بۆ خوێندن روو لەو وڵاتە دەکەن و ئەوانەش توێژینەوەى زانستى تێدا ئەنجام دەدەن. واش بڕیارە پرۆگرامى ئیراسمۆسى یەکیتى ئەوروپا کە تایبەتە بە زانکۆکانى کوردستان لە وڵاتانى هۆڵەندا و بەلجیکا بەردەوامى بە کارەکانى خۆى بدات .