
قوتابییانی بەشی دەروونزانی کۆلێژی ئاداب ـ زانکۆی سەلاحەدین بە هاوکاری قوتابییانی بەشە دەروونییەکانی تر توانییان یەکەمین گۆڤاری ئەکادیمی تایبەتمەند بە بواری دەروونزانی بڵاوبکەنەوە بەناوی گۆڤاری سایکۆفێر.
ئەم گۆڤارە سەرلەبەری لەلایەن قوتابییانەوە ئامادەکراوە، پابەندە بە بنەما زانستی و ئەکادیمییەکان و بە شێوەیەکی پیشەیی بەڕێوەبراوە.
گۆڤارەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئامادەکردنەوە تا دوا قۆناغی بڵاوکردنەوە، بە دەستی قوتابییان ئەنجامدراوە، ئەمەش دەرخەری توانا و لێهاتوویی قوتابییانە
گۆڤارەکە بە بەشداری کۆمەڵێک لە مامۆستایان و توێژەرانی بواری دەروونزانی دەوڵەمەند کراوە، لەوانە د. عومەر گردەنازێی، د. هۆشەنگ فەرهاد و د. هیوا عەبدولعەزیز و م.ی. غەریبە حوسێن.
گۆڤارەکە سوودی لە بەشداری چەند توێژەرێکی گەنج و چالاک وەرگرتووە وەک کامۆ ئاراز، دیاری سابیر، پێشین سیوەیلی، میلانۆ محمد و فەرهاد محمد، بە وتاری تایبەت و نووسینی ئەکادیمی بەشدارییان کردووە.
ناوەڕۆکی گۆڤارەکە چەندین بابەتی زانستی سەردەمیانە لەخۆدەگرێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پشت بەستوو بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان نووسراونەتەوە.
گۆڤاری سایکۆفێر، بەرهەمی پڕۆژەی سایکۆفێرە، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی قوتابیانی بەشە دەروونییەکانی زانکۆکانی سەلاحەدین، سۆران و کۆیەیە، لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەدا بە دەستی قوتابیان ئامادەکراوە.
ئەم هەنگاوە داهێنەرانەی قوتابییان پێی هەستاون، دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ زنجیرەیەک لە کاری داهێنەرانە و زانستی لە داهاتوودا و دەرگایەک بکاتەوە بۆ گەشەسەندنی زیاتری بواری دەروونزانی لە کوردستان.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ـ هەولێر.