
مامۆستایانى قەدر گران
قوتابیانى خۆشەویست ...
ئێمە لە کاتێکا ساڵى نوێى خوێندنمان دەست پێ دەکەین، کە نەتەوەکەمان بە قۆناغێکى ئێجگار هەستیاردا تێدەپەڕێ و گەلەکەمان دواى زێتر لە یەک سەدە لە خۆ راگڕى و قوربانى دان و قاتو قڕ کردن بە ئەنفال کردن و و کیمیا بارا ن و بێ سەرو شوێن کردن و راگوێزان وسوتاندن و کاول کارى لە لایەن رژێمە شۆڤینى و دکتاتۆرەکانى پێشوو ،ئەمجارە رژێمە مەزهەب پەرستەکانى ئەمڕۆ کە ئێمە بە نیەت پاکى و بڕواى راستگۆیانەمان بە دیموکراسیەت و وڵات پارێزى و ئاشتى پارێزى دواى روخانى رژێم دەستمان خستە نێو دەستیان بۆ ئەوەى بە یەکەوە عیراقێکى یەکگرتوو دروست بکەین کە بناغەکەى لە سەر برایەتى و یەکسانى و مەبدەئى شەراکەت و تەوافوق بونیات نرابێت ، بەو ئامانجە پیرۆزە پێکەوە دەستوورێکمان بۆ ئەو وڵاتە داڕشت ،کە رەنگدانەوەى خواست و ئاواتەکانى گەلانى عیراق بێت بە هەموو نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکانییەوە، ئاواتمان بوو ئەو دەستوورە بۆ هەمیشە رێگە نیشاندەرمان بێت بۆ قەرەربوو کردنەوەى رۆژانى رەشى رابووردوو، چرایەک بێت بۆ هیواى ئایندەمان، کەچى ئەوەندەى نەبرد و مەزهەبیەکان دەسەڵاتى خۆیان سەپاندو دەستیان کرد بە پێشێڵ کردنى ئەو دەستوورەو دروست کردنى حەساسیەتى نەتەوەیى و مەزهەبى و نەهێشتنى شەراکەت و بڕواى تەوافوق و لاواز کردنى دەورو بەرى خۆیان و پێشێڵ کردنى مافەکانیان، تا ئەو پێشێڵ کارى و حەساسیەت و شۆڤینیەتە گەیشتە ئاستێک کە کورد بەرگەى نەگرێ و ناچارى ئەوە بێت بە دواى رێگە چارەى گونجاودا بگەرَێت ، بۆ دەستە بەر کردنى مافەکانى، ئەوەبوو بڕیارى گەل لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچوو بۆ راگەیاندنى پرۆسەى ریفراندۆم و بژارکردنى سەربەخۆ بوون و کۆتایى هێنان بە ئەشکەنجەو ئازارى زێتر لە سەدەیەک.
بۆئەو ئامانجە پیرۆزە گەلەکەمان بە زۆرینەى حزب و هێزە سیاسى و ئاینییەکانى سەر گۆڕەپانى کوردستان بە رۆحێکى نەتەوەیى بەرزو بڕوایێکى پۆڵایین بە دۆزى رەواى نیشتمانەکەیان ریفراندۆمى سەربەخۆییان راگەیاند و لەو ئەزموونە نەتەوەیى و نیشتمانییە کەم وێنەیەدا سەرکەوتنێکى گەورەیان بۆ مێژووى نەتەوەکەیان بە دەست هێنا ، کە تا مێژوو مابێت شانازى پێوە بکرێت ، کە بێگومان گەلەکەمان بە تێکڕاى چین و توێژەکانییەوە رۆڵى کارایان هەبوو لەو سەرکەوتنە ، بەڵام رۆڵى زانکۆ کە زۆرێک لەو مامۆستا خاوەن ئەزموون و قوتابیە گەنجو لاوە دڵ گەرمانەى لە خۆ دەگرت، رۆڵێکى سەرفیرازو جیاوازییان هەبوو لەو سەرکەوتنە گەورەیەدا، ئەمەش جێگەى شانازى هەموو لایەکە.
مامۆستایانى بەڕێز
قوتابیە خۆشەویستەکان ...
ئێمە ئێستا لەو هەلو مەرجەى دواى رێفراندووم ئەرکمان لە قۆناغى پێشووتر سەختر و قورستر دەبێت ، چونکە ئێمەین بۆ قۆناغى سەربەخۆ بوون دەبین بە بناغە بۆ دروست کردنى دەوڵەتێکى مەدەنى کە لە سەر زەمینەیەکى زانستى و دیموکراسى و یاسایى دروست کرابێت و لە ئایندەدا هاوکوف بێت لە گەڵً ئەو پێناسەیەى کورد کە لە هەموو جیهاندا شانازى پێوە دە کرێت ، دەبێ ئەوەش بسەلمێنین کە ئێمەى کورد چۆن بە بڕوا بە خۆ بوون و قارەمانیەتى و مقاوەمەت کردن دژى تیرو پارێزگارى کردن لە ئاشتى و ئارامى ناسراوین ئاواش لە گۆڕەپانى زانستى دا توانست و ئیرادەى خۆمان بسەلمێنین و پێشکەوتنى دیارو بەرچاو لە بوارى زانستى دا بە دى بێنین ، ئەرکى هەرە سەختى ئایندەى دەوڵەتى کوردى دەکەوێتە ئەستۆى تاکە تاکەى ئێمەى مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانى زانکۆ ، بۆ ئەوەى وەک نەوەیەکى نوێ ئەرکى هوشیار کردنەوە و بە مەدنى بوونى گەلەکەمان بگرینە ئەستۆ، دەست پێشخەر بین لە بونیاتنان و ئاوەدان کردنەوە بەرەو پێشەوە بردنى ئەو ئەزموونە کە کورد بە لافاو خوێنى لە پێناودا رشتووە.
ئێمە دڵنیاین ئەو قۆناغە نوێیە دەبێتە فاکتەرێکى بە تین بۆ جولانەوەى حەماسى نەتەوەییمان و گرد بوونەوە لە دەورى یەکترو کۆتایى هێنان بە دوو بەرەکى و راماڵینى دیاردە تاڵەکانى رابووردوو ، چونکە ئەو ئاسۆ نوێیەى بەڕێوەیە موژدەى گەورەى پێیە بۆ کۆتایى هاتن بە ئەشکەنجەو ئازارى گەلەکەمان و چاوەڕوانیە دوورو درێژەکانمان ، موژدەى گەورەى پێیە بۆ لە دایک بوونى وڵاتێک ئاسوودە بە پێکەوە ژیان و نموونە لە دیموکراسیەت و پێشکەوتوو لە فیکرو زانست و سەرفیراز لە ئاشتى و تەبایى..
ساڵى نوێتان پیرۆز کە ساڵى ئومێدى گەورەو ساڵى هەڵاتنى ئاسۆى سەربەخۆبوونە ... پیرۆزەو هەر سەرکەوتوو بن.
د. ئەحمەد دزەیى
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ـ هەولێر