
دووەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی شوێنەوارو کەلەپوری هەولێر
ئەمڕۆ سێ شەممە رێککەوتی ٨/٥/٢٠١٨ بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر کەریم ساڵح عەبدول نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی ناوخۆ و بیانی، بەشی شوێنەواری کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین بە هەماهەنگی پارێزگاری هەولێر دووەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی (شوێنەوارو کەلەپوری هەولێر - اربیل)، لە هۆڵی شەهید مامۆستا سەعد لە شاری هەولێر سازکرد. لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی بۆ سازدانی دووەمین کۆنفرانسی تایبەت بە شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر دەربری و گوتی: هەولێر لانکەی شارستانییەت بووە و دەوڵەمەندە بە شوێنەوارو شارستانییەتی کۆن. هەولێر لە ئێستادا وەک پایتەختی کوردستان، قەڵاکەی جێگای ژیان و شارسانییەت بووە وەک کۆنترین شار هەژماردەکرێت. بۆیە بەخۆشحاڵیەوە دوای هەوڵ و ماندبوونێکی زۆر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە توانرا بخرێتە نێو رێکخراوی یونسکۆ. لە ئێستاشدا هەماهەنگی بەهێزمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکەمان و برەودان بە لایەنی گەشتیاری بۆ ئەوەی سەنتەرێک بێت بۆ گەشتیارانی جیهان. دواتر سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین تیشکی خستە سەر گرنگی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە و گوتی: بە سازدانی چەندین کۆنفرانس لەم بوارەدا، ناتوانین بە تەواوەتی حەقی پێبدەین، چونکە شاری هەولێر دەوڵەمەندە بە کەلەپوورو شوێنەواری کۆن، کە ئەمەش بایەخێکی گرنگی نیشتمانییە و لە جیهاندا هاوشێوەی کەمە. بۆیە بە پێویستی دەزانین توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی لەم بارەوە بکرێت، لەم روانگەیەوە هەماهەنگی و پەیوەندیمان لەگەڵ چەندین زانکۆی نێودەوڵەتی هەیە و چەندین توێژینەوەی گرنگ لە کۆنفرانسی یەکەم پێشکەش کرا و وا ئەمڕۆکەش لە دووەمینی کۆنفرانسی شوێنەواری توێژینەوەی گرنگ لەلایەن توێژەرانی ناوخۆیی و عێراقی و بیانی پێشکەش دەکرێت. هیوادارین دەرئەنجام و راسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆی زیاتر پێشخستنی کەلەپورو شوێنەواری شارەکەمان. هەر لە کۆنفرانسەکەدا دکتۆر کەریم ساڵح عەبدول نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی و ئەبو بەکر زێنەدین بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەولێر ئاماژەیان بە گرنگی سازکردنی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە کرد و هیوایان خواست راسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆی خزمەتی زیاتر بە ڕەوتی زانستی توێژینەوە لە بارەی شوێنەوارو مێژوو و کەلەپووری هەولێر. ە کۆتایی وتەکانیاندا، دکتۆر زێدان برادۆستی سەرۆکی بەشی شوێنەوارو سەرۆکی کۆنفرانس لە وتەیەکی دا بۆ ئامادەبووان گوتی: شاری هەولێر بەشێکی گرنگی شارستانییەتی میسۆپۆتامیا و زاگرۆسە، کە هەر لە کۆنەوە ناوی هاتووە. چەندین توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی نێودەوڵەتی و مێژوویی ئەم بەڵگانەیان سەلماندووە. بۆیە لەم کۆنفرانسەدا کە دووەمین کۆنفرانستی نێودەوڵەتییە لە بواری کەلەپوور و شوێنەوار چەندین توێژینەوەی زانستی پێشکەش دەکرێت، بەشێوەیەک ٦٥ توێژینەوە لە بوارە جیاجیاکانی زانستی شوێنەوارو کەلەپور بۆ لێژینەی زانستی کۆنفرانس نێردراون و لەلایەن لیژنەی زانستییەوە ٢٤ توێژینەوە رەزامەندی بڵاوکردنەوەیان پێدراوە. هەروەها ٤٣ توێژینەوەش رەزامەندی پێشکەشکردنی بەشێوەی سیمینار پێدراوە. لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە ٣٥ زانکۆ و پەیمانگە لە ١٦ وڵاتی جیاوازی جیهانەوە تێدا بەشدارن. دواتر لە کۆنفرانسەکەدا لەلایەنی توێژەرانی بەشداربووەوە دەستکرا بە پێشکەشکردنی بابەتەکانیان، کە چەندین تەوەری جیاجیای لەخۆگرتبوو و دابەشکرابوو بۆ چەند پانێلێک و دەرئەنجام و راسپاردەکانی پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت. شایەنی باسە ئەمە دووەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەشی شوێنەواری زانکۆی سەلاحەدینە لە بواری شوێنەوارو کەلەپوور. یەکەم کۆنفرانسی بەناونیشانی (هەولێری کۆن، مێژووی هەولێر بەر لە ئیسلام) لە ساڵی ٢٠١٤بە هاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە پەیمانگەی IFPOی فەڕەنسی و FINEی فێنلەندی ئەنجامدا.