
ژمارهیهك قوتابی كۆلێژی زانسته ئیسلامییهكان سهردانی لالشی نورانیی و مزگەوتی گەورەی " ئاكرێ " ـیان كرد
قوتابییانی بهشی پهروهردهی ئایینی كۆلێژی زانسته ئیسلامییهكان بەھاوبەشی ئینستیتوتی تۆلێرانسی بێسنوور گەشتێکی زانستی گرنگیان له میانهی وانهی پەروەردەی فرەیی و فیقھی ھانیشتیمانیبوون بۆ لالشی نورانی و مزگەوتی گەورەی ئاكرێ ڕێكخست.
ئهم گهشته زانستییه بەسەرپەرشتی "پ. ی. د. ئەحمەد سەیدۆک" سەرۆکی بەشی پەروەردەی ئایینی "و پ. د. ئادەم بێدار" مامۆستای وانەی پەروەردەی فرەیی و سەرۆکی ئینستیتیوتی تۆلێرانسی بێسنوورو "م. نەزیر زێباری" مامۆستای فیقھی ھانیشتیمانیبوون بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی ئهنجامدرا.
سەرەتای گەشتەكە بۆ کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی ئاکرێ بوو لەلایەن بەرێزان "پ. ی. د. رشاد کمال" ڕاگری کوليژى و "د. مونيب مەلا محەمەد"، سەرۆکی بەشی پەروەردەی ئیسلامی خانەخوێ و ژمارەیەک لە مامۆستاو قوتابییانی بەشی ناوبراوەوە پێشوازیکران و ڕاگر لە وتەیەکدا بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و گەشتەکەی بەگرنگ وەسفکردو جەختی لەسەر ھەماھەنگی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان کردەوە.
وێستگەیەکی دیكەی ئەو گەشتە زانستییە بەسەر کردنەوەی کۆنترین مزگەوتی کوردستان بوو، مزگەوتی گەورەی ئاکرێ لەساڵی ٢٠ی کۆچی لەسەرفەرمانی عەبدوللا کوری عومەری کوڕی خەتاب (ر.خ) بنیاتنراوە، لەوێش لەلایەن "م. محەمەد ئاکرەیی" زانای پایەبەرز و سەرپەرشتیاری ئەو ناوندە زانستییە گرنگەوە پشوازییان لێکرا،سەیدای مزگەوت لە وتەیەکی کورتدا دڵخۆشی خۆی بەو سەردانە نیشانداو نزای سەرکەوتنی بۆ خواستن و چەند ئامۆژگاریەکی بە پێزیشی پێشکەشکردن، دواتر "د. منیب مەلا محەمەد " باسی لە دیرۆکی مزگەوتی ناوبراوو ناوەندە زانستییەکەو رۆلی لە مێژوودا بۆ قوتابییانی بەشداری ئەو گەشتە شیکردەوە.
پەرستگای لالشی نوورانی دوا وێستگەی گەشتە زانستییەکە بوو، لەوێ لەلایەن بەرێزان "سعود مستۆ" ب. گ. كاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بابە چاویش، سەرپەرشتیاری پەرستگاکە پێشوازیکران، بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پەرستگاو گفتوگۆی کراوەی قوتابییان لەگەڵ بەرێز بابەچاویش لەبارەی ئێزدیانی برگەیەکی دیکەی گرنگی سەردانەکە بوو.
لەكۆتایی وێستگەکانیشدا مامۆستاو قوتابییانی بەشدار سوپاسی خۆیان دەربڕی بۆ ڕێکخەرانی گەشتەکەو ئەوانەشی کە پێشوازی و کارئاسانیان بۆ کردن بۆ سەرکەوتنی گەشتەکە.
ھاوکات ئەو گەشتە لەلایەن قوتابییانی بەشدار بە گرنگ و پڕ مفا لێکدرایەوە.
ڕاگهیاندنی زانكۆی سهلاحهدین – ههولێر.