
زانكۆی سهلاحهدین پرسهنامهیهك ئاڕاستهی بنهماڵهی پارێزگاری ههولێر دهكات
پرۆفیسۆر دکتۆر جوهر فتاح سعید سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر، بەناوی ئەنجوومەنی زانکۆ و تەواوی مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
بۆ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو (د.فەرسەت سۆفی) پارێزگاری هەولێر
بەناوی ئەنجوومەنی زانکۆ و تەواوی مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە بەڕێزەکەتان و تەواوی چین و توێژینەکانی پارێزگای هەولێری پایتەختی کوردستان دهكهین.
بە داخەوە کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، کەسایەتییەکی ئەکادیمی و دڵسۆزو نیشتیمانپەروەرو خەباتکارێکی چاکسازو خزمەتکارێکی راستەقینەی لە دەستدا، هەڵبەتە خوالێخۆشبوو بە شانازییەوە زۆرینەی وێستگە ئەکادیمی و زانستییەکانی لە قۆناغی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆی سەلاحەدین بووە، بێگومان دکتۆر فەرسەت هی هەموو چین و توێژەکان بوو، بەڵام لە دڵی زانکۆو زانکۆییەکاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوەو یادی دەکەینەوەو شانازی بە کادیرێکی وا لێهاتووی کارگێڕی و سیاسی و ئەکادیمی دەکەین کە لە زانکۆمان پێگەیشتووە.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت و خوالێخۆش بووش بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
انا لله وإنا إلیه راجعون
پ.د.جوهر فتاح سعید
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر
١٨\١١\٢٠٢٠