
له دیوانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، دكتۆر جه‌وهه‌ر (سه‌رۆكی زانكۆ به وه‌كاله‌ت) پێشوازی له شاندێكی تایبه‌تی زانكۆی سیرل وهمیتۆدا ی وڵاتی سلۆڤاكیا كرد، كه ئامانج له سه‌ردانه‌كه‌یان نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی زانكۆی سه‌لاحه‌دین بوو له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی ئیراسمۆس پله‌س.
له دیداره‌كه‌دا كه هه‌ریه‌كه‌ی له یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌رێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان تێیدا ئاماده‌بوون، سه‌رۆكی زانكۆ به وه‌كاله‌ت خۆشحالی خۆی ده‌ربری كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه دروست بووه په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ زانكۆ سلۆڤاكیهكه په‌ره‌پێبده‌ن و له‌بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی بچنه قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر. لای خۆیانه‌وه شاندی میوان سه‌رسامی خۆیان ده‌ربری بۆ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ی هه‌رێمی كوردستان به گشتی و زانكۆی سه‌لاحه‌دین به‌تایبه‌تی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان دوپاتكرده‌وه كه ئه‌وان به گرنگیه‌وه له په‌یوه‌ندیه ئه‌كادیمیه‌كانیان ده‌روانن له‌گه‌ڵ زانكۆی سه‌لاحه‌دین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماده‌یی هه‌موو جۆره هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شیان ده‌ربری.
له دیداره‌كه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و زانكۆی سیرل وهمیتۆدای سلۆڤاكی، به چری تاوتوێی كردنه‌وه‌ی به‌شی ئهنترۆپۆلۆجیان كرد له زانكۆی سه‌لاحه‌دین، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندین پێشنیاری زانستی وپراكتیكی خرانه‌روو بۆ چۆنیه‌تی كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه و كاركردنی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی بواری ئه‌نترۆپۆلۆجی له زانكۆی سه‌لاحه‌دین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بریاردرا ستافێكی پسپۆر له‌م بواره له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆ كۆببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وورده‌كاری كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی تاوتوێ بكه‌ن، به تایبه‌ت كه زانكۆ سلۆڤاكیهكه ئه‌زموونێكی زۆری هه‌یه له‌و بواره ئاماده‌یی ده‌ربریوه بۆ رێكخستنی پرۆرگام و دابین كردنی ستافی ئه‌كادیمی پێویست.
له به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له‌وه كرا كه چۆن هه‌ردوو زانكۆ به‌یه‌كه‌وه به‌ش یان سه‌نته‌رێكی چاره‌سه‌ری سروشتی بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له‌سه‌ر ئاستی زانستی وه‌كو به‌شێكی ئه‌كادیمی له زانكۆی سه‌لاحه‌دین هه‌بێت، هه‌میش وه‌ك سه‌نته‌رێكی بواری وه‌به‌رهێنان كاربكات، به تایبه‌ت كه یه‌كێك له سه‌نته‌ره زۆر پیشه‌ییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان له شاری تراڤای وڵاتی سلۆڤاكیایه.
له كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، سه‌رۆكی زانكۆ به وه‌كاله‌ت نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌گه‌ڵ زانكۆی سیرل وهمیتۆدا واژۆكردهوه له چوارچێوه‌ی كاركردن له پرۆگرامی ئیراسمۆس پله‌سی یه‌كێتی ئه‌وروپا.