
بەئامادەبوونی (پ.د.ئەحمەد دزەیی) سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە،یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلیژەکان و سەرۆک بەشەکان، کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین یەکەمین وۆرک شۆپی تایبەت بە یەکخستنی پرۆگرامەکانی بەشەکانی پەروەردەى تایبەت لە زانکۆکانی کوردستان. ساز کرد
لەمەراسیمی دەسپێکی وۆرک شۆپەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (پ.د.ئەحمەد دزەیی) لەمیانەى ووتەیەکیدا ووتی (ئەم وۆرک شۆپە جگە لەوەی گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ یەکخستنی پرۆگرامەکان، ئەمە بۆ یەکتر ناسینی بەشەکانی تایبەت بەپەروەردەی تایبەت پێویستە، هەروەها پێویستە ئێمە زیاتر گرنگی بەو بەشانە بدەین بۆ ئەوەی کادیری باشتر پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەین، لەم سۆنگەیەوە دابین کردنی مامۆستای پسپۆر لەو بوارە لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمەیە) هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی زانکۆ ووتی (پێمان باش بوو هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە گرنگیەکی زیاتریان بەو بوارە بدایە، لەبری ئەوەی چوار بەشی هاوشێوە لەچوار زانکۆ بکرێتەوە، باشتر بوو دووبەش بێت و گرنگیدانەکە لەو دووبەشە چڕ بکرێتەوە لەرووی دابین کردنی مامۆستا و ئامێر و تاقیگەی پێویست) هەروەها ووتی (ئەم پەرش و بڵاویە کێشەی زۆری دروست کردووە بۆیە پێویستە ئەم وۆرک شۆپە ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین بەرنامەی هاوبەش لەکەڵ زانکۆ جیهانیەکان دروست بکەین کە لەبواری پەروەردەی تایبەتدا پێشکەتوونە.)
لەبەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا د.محمد سابیر (نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا) وێرای دەستخۆشی لە زانکۆی سەلاحەدین بۆ پێشەنگ بوونی لەسەرجەم کارەکاندا بەتایبەت لەکردنەوەی بەشی پەروەردەی تایبەتدا، ووتی (وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرجەم زانکۆکان هاندەدات بۆ گرنگی دان بە پەروەردەی تایبەت، ئێمە لە وەزارەت چەند ساڵێکە کار لەسەر ئەو بوارە دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ کۆلیژەکانی پەروەردە لە زانکۆکانی کوردستان، یەکێک لەدەرەنجامەکانی کۆبوونەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە پێشنیاری ئەوەمان کردووە سکۆلەرشیپی تایبەت بۆ ئەم بوارە تەرخان بکرێت. هەروەها پێویستە ئێمە تواناکانى خۆمان یەک بخەین چونکە ئەمە بابەتێکی هەستیارو پێویستی ناو کۆمەڵگەیە)
هەر لەم مەراسیمەدا دکتۆر سەعید (راگری کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین) تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی رێکخستنی ئەم وۆرشۆپەو ووتی (خاوەن پێدوایستیە تایبەتیەکان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن بۆیە دەبێ ئێمە هێزێکی زیاتریان پێببەخشین، لەرووی زانستیەوە دەبێ پرۆگرامێک دابنێین کەلەگەڵ تایبەمەندی ئەوان بگونجێ و هەروەها زانستیش بێت) سەبارەت بە وۆرک شۆپەکە ووتی (ئەم وۆرک شۆپەی ئێمە خۆی لە دوو تەوەری سەرەکیدا دەبینێتەوە، یەکەمیان پەیوەستە بە پلانی خوێندن لەبەشە تایبەتەکان، دووەمیش پەیوەستە بە دابین کردنی مامۆستای پسپۆر لەم بابەتە، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان لەو بەشە پسپۆریان نییە، بۆیە دەبێ پسپۆری تایبەتی بۆ دابین بکەین)
شایەنی ئاماژەپێدانە وۆرک شۆپەکە بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام بوو لەکۆلیژی پەروەردەى زانکۆی سەلاحەدین، کەتێیدا بەشە تایبەتەکانی زانکۆکانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، لەکۆتاییدا بروانە رێزلێنان بەخشرایە بەشداربووان و دەرەنجامەکانی وۆرک شۆپەکە لە چەند خالێکدا وەک پێشنیار پێشەکشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا.