
دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ دکتۆر رەحیم حوب نەقی سەرۆکی زانکۆی ورمێ و شاندێ یاوەری دکتۆر محەمەد کاشف و ئەمیر توکمەچی.
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆ پێشوازی کرد لە دکتۆر رەحیم حوب نەقی سەرۆکی زانکۆی ورمێ و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوون لە دکتۆر محەمەد کاشف و ئەمیر توکمەچی.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەخێرهاتنی شاندی میوان کرد و بەکورتی پێکهاتە و بەشەکانی زانکۆی سەلاحەدینی بۆ شاندی میوان روونکردەوە و باسی لە کارو چالاکییەکانی زانکۆ و چۆنییەتی پێشخستنی ئاستی زانستی و پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی لەنێوان هەردوو زانکۆی ناوبراو کرا. هەروەها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین تیشکی خستە سەر پەیوەندییە زانستییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە توانراوە برەو بە رەوتی پێشخستنی کاروانی زانستی و ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان و مامۆستایان و سازدانی کۆنفرانسی زانستی لەگەڵ یەکتردا بدەن. هەر لە دانیشتنەکەدا زانکۆی ورمێ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی زانستی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بەتایبەتی لە بواری سازدانی کۆنفرانسی زانستی و خوێندنی باڵا. بۆیە هەردولا رێککەوتنامەیەکی زانستی لەنێوانیاندا واژووکرد و کە وا بڕیارە شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی زانکۆی ورمێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە لە درێژەی کارو چالاکییە زانستییەکانی زانکۆی سەلاحەدین دا، وا بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زانکۆی سەلاحەدین دوو کۆنفرانسی زانستی لەگەڵ زانکۆی ئەزهەر ساز بکات. کە ناونیشانی کۆنفرانسی یەکەم بریتییە لە" ئافرەت لە چەرخی نوێدا" و ئەوەی دیکەش بریتییە لە " بەراوردکاری زمانی فارسی و کوردی".