
سەرۆکی زانکۆ د.ئەحمەد دزەیی لەگەڵ شاندی زانکۆی نیشتمانی فرۆکەوانی وڵاتی ئۆکرانیا کرد
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، سەرۆکی زانکۆ (د.ئەحمەد دزەیی) پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی نیشتمانی فرۆکەوانی وڵاتی ئۆکرانیا کرد. لە دیدارەکەدا کە راگری کۆلیژی ئەندازیاری ئامادەبوو، باس لە ئامادەکاریەکانی کردنەوەی بەشی ئەندیاری فرۆکەوانی کرا لە زانکۆی سەلاحەدین. تێیدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی چۆن هەردولا بتوانین بە هاوبەشی بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانی بکەنەوە کە دەبێتە یەکەم لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتادا دکتۆر ئەحمەد دزەیی باسی لەوە کرد کە لە زانکۆی سەلاحەدین دەمێکە تاوتوێی ئەم بابەتە دەکەین بەهۆی گرنگی ئەم پرسە، بۆیە ئێمە ئەمە بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانین کە بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانی لە کۆلێژی ئەندازیاری بکەینەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شارستانی خزمەتی فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، بە تایبەت بە هاوکاری و هەماهەنگی زانکۆیەکی پسپۆری وەک زانکۆی نیشتمانی فرۆکەوانی ئۆکرانی. هەروەهاسەرۆکی زانکۆ ئەوەشی دوپات کردەوە کە بۆ کردنەوەی ئەم بەشە گرنگە زۆر پێویستیان بە زانکۆی میوان هەیە چونکە زانکۆی سەلاحەدین ستافی پێویستی بۆ ئەم بوارە نیە و لە بابەتی ئامادەکردنی پرۆگرامی بەشی فرۆکەوانی شارەزایی تەواو نییە، سەرەرای ئەوەی کە تاقیگەیەکی تەواو نییە بۆ ئەم بەشە.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەردوو زانکۆ بەیەکەوە پرۆپۆزەلی کردنەوەی بەشەکە ئامادەبکەن و پێشکەشی لایەنی پەیوەندیداری بکەن، ئەمیش لەبەر هەستیاری و گرنگی بەشەکە، بەتایبەت کە یەکەمین جارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانی دەکرێتەوە. زانکۆی سەلاحەدین هەمیشە ویستویەتی پێشەنگ بێت لە کردنەوە بەشە سەردەمیەکان.کردنەوەی ئەم بەشەش سەرەتایەتی باش دەبێت بۆ دروست کردنی پەیوەندیەکی پتەوتر لەگەڵ زانکۆ ئۆکرانیەکان. بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر ئەحمەد پێشنیاری کرد کە ئەم بەشە بکرێتە بەشێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو زانکۆ بۆ ئەوەی لە داهاتوو زەمینەی کردنەوەی زانکۆی ئۆکرانی لێرە دروست بێت. بەلەبەر چاوگرتنی هەستیاری و گرنگی بەشەکە،سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە فرۆکەخانەکانمان پێویستی بە کادیری زانستی هەیە.
لە بەشێکی دیکەى دیدارەکەدا (تیمۆخ ڤیاچیسلاڤ) بەرێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی نیشتمانی فرۆکەوانی ئۆکرانی، سەرەرای خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دەرفەتە، هاوکاتجەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کردنەوەی ئەم بەشە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ لە دروست کردنی پەیوەندیەکی پتەو لەنێوان زانکۆ ئۆکرانیەکان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەوەشی باس کرد کە زانکۆکەیان نزیکەى ٨٥ ساڵە هەیە و دووەم زانکۆیە لەسەر ئاستی یەکێتی سۆڤیەتی جاران. لە بواری فرۆکەوانی یەکێکن لە پێشکەوتوترین زانکۆکانی جیهان، بەشێوەیەک کە فرۆکەخانەکانی وڵاتانی جیهان هەمویان دەرچووی زانکۆی ئێمەى تێدایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شاندی میوان جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی زانستی لەنێوان حکومەتەکان دیبلۆماسیەتێکی میللیە بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی کە دبلۆماتکاران توانای چارەسەرکردنیان نییە. هەروەها لە باس کردنی زانکۆکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەشەکانی زانکۆکەی پێشکەوتوترین بەشن لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان. تەنانەت لە زانکۆ بەشی موشەک و فرۆکەی بێ فرۆکەوانیش هەیە، کە لەلایەنی سەربازیش زۆر پێشکەوتوونە.
شایەنی ئاماژە بۆ کردنە کە لە زانکۆی نیشتمانی فرۆکەوانی ئۆکرانی ١٩ بەشی سەربازی فرۆکەوانی و ١٧ بەشی فرۆکەوانی شارستانی هەیە.