
زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی حەسەن کالیۆنجۆی تورکی رێککەوتنیان واژۆ کرد
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی و عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو حوسەین جاکان بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی زانکۆی حەسەن کالیۆنجۆ، رێکەوتنێک واۆژۆ کرا لەنێوان هەردوو زانکۆ.
دوای ئەوەی چەندین دیداری هاوبەش لەنێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی حەسەن کالیۆنجۆ لەماوەی رابردوو بەرێوەچوو، دەرەنجام هەردوو زانکۆ رێککەوتنێکی پڕ بایەخیان واژۆ کرد لەبواری ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و سازکردنی کۆنفرانسی زانستی لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، هەروها بۆ مەبەستی ئاڵوگۆرکردنی قوتابی لەنێوان هەردوو زانکۆدا.
لە دیدارەکەدا کە عەلی رەشید (سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر) ئامادەبوو کە هاوکات مامۆستایە لەم زانکۆیە، حەسەن کالینج بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی زانکۆی حەسەن کالیۆنجۆی تورکیەو لە هەمان کات سەرۆکی بەشی ئەندازیاری شارستانیە لە زانکۆی ناوبراو، خۆشحالی خۆی دەربری کە دەرفەتی ئەوەی بۆ دروست بووە بتوانێت کار لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بکات و پەیوەندیەکانی نێوان بەرەو پێشەوە ببات، بەتایبەت کە لە زانکۆی سەلاحەدین بەشی ئەندازیاری شارستانی بەشێکی چالاک و پێشکەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین تیشکی خستە سەر پەیوەندیەکانی زانکۆ لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوە، هەروەها ئاماژەی بەو کارە هاوبەشانە کرد کە زانکۆی سەلاحەدین لە ماوەی رابردوو لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا ئەنجامی داوە. لەگەڵ ئەوەشدا باسی ئەو کۆنفرانسە زانستیانەی کرد کە لە بواری ئەندازیاریدا زانکۆی سەلاحەدین ئەنجامی داوە.
شایەنی ئاماژە بۆ کردنە وا بریارە لە بۆنەیەکی تایبەتیدا لە زانکۆی حەسەن کالیۆنجۆ لە تورکیا، رێورەسمێکی تایبەت بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنامەیە سازبکرێت کە لەنێوان هەردوو زانکۆدا ئەنجامدراوە.