
زانکۆی سەلاحەدین بەهاوبەشی پەیمانگە تەکنیکییەکانی ئایندە و رەواندز و ئاکرێ لە سیمپۆزیەمێک لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆدا
رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ٢٠١٨/٤/١١ زانکۆی سەلاحەدین بەهاوبەشی پەیمانگە تەکنیکییەکانی ئایندە و رەواندز و ئاکرێ، سیمپۆزیەمێکی بەناونیشانی (قەیرانە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارو چارەسەر)، لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆدا سازکرد. کە سێ پانێلی یەک لەدوای یەکدا بەبەشداری کەسانی شارەزا و پسپۆر لەخۆ گرتبوو.
لە دەستپێکی سیمپۆزیەمەکەدا دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانی کرد و گوتی: ئەم سیمپۆزیەمە هاوبەشە یەکەم ئەزموونی هاوبەش نییە، بەڵکو ئەزموونی دیکەمان هەیە لەگەڵ دامەزراوە تایبەتییەکانی دیکەدا، بۆیە هیوادارین ئەم هەنگاوە زانستییە چالاکی دیکەی بەدواوە بێت و بەشانازیەوە دەیڵێین زانکۆمان هەمیشە هەوڵی داوە یارمەتی دامەزراوە جیاجیاکان بدات لەبەرامبەر ئەو ئابڵوقە فراوانەی لەچەندین لاوە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە شتێکی نامۆ نییە، کە گەلی کورد هەمیشە هەستاوەتەوەو ئەم جارە بە سەرکردایەتی حەکیمانە هەڵدەوشێتەوە. بۆ لێرەوە رایدەگەیەنین دەبێت زانکۆ بەشداربێت لە نەخشەڕێگای زانستی بۆ چارەسەر و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان. هەروەها لەبەر ئەوەی پێَشتر کێشەکان بەشێوەیەکی زانستی چارەسەر نەکراوە هەروەک خۆی ماون و لەلایەکی دیکەوە دژایەتی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوامە. هەروەها دزەیی گوتی: لەم سیمپۆزیەمەدا شەرەفمەندین کەسانی ئەکادیمی و خەڵکانی دەرەوەی زانکۆ بە هزری جیاوازەوە بەشدارن لە پانێلەکان.
دواتر دکتۆر بەختیار سابر بەنوێنەرایەتی هەرسێی پەیمانگە تەکنیکییەکانی رواندز و ئایندە و ئاکرێ سوپاسی بەشداربووانی کرد و گوتی: هەرچەندە هەرسێ پەیمانگاکان تەمەنێکی درێژیان نییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و ئەکادیمی هاوبەشی زۆریان پێکەوە ئەنجامداوە. بۆیە ئەرکی ناوەندە ئەکادیمییەکانە رێگاچارەی گونجاو پێشکەش بکەن بۆ دەربازبوون لە قەیڕانەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە وردی لەلایەن کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون چ لە ناوەندی زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ تیشکی دەخرێتەسەر.
سیمپۆزیەمەکە سێ پانێڵی لە بوارەکانی (ئابووری و سیاسی و یاسایی) لەخۆ گرتبوو، پانێڵی یەکەم بەناونیشانی ( ریفۆرمی پەیکەری کارگێڕی حکوومەت و فەلسەفەی ئابووری و دارایی لە هەرێمی کوردستاندا) بەبەشداری دکتۆر عزەت سابیر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و مەسعود حەیدەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فازلڕ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق و دکتۆر ئاراس قادر خۆشناو سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان پێشکەش کرا.
پانێڵی دووەم بەناونیشانی (چوارشێوەی دەستووریی و یاسایی بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی) بەبەشداری دکتۆر کاوان ئیسماعیل راگری کۆلیژی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر محەمەد شاکر محەمەد ساڵح پسپۆری فیقهی بەراورد بە یاسا و دکتۆر محەمەد بازیانی سەرۆکی سەنتەری هودا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرا.
پانێڵی سێیەم بەناونیشانی (داهاتووی ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، لەبەردەم مەترسی کێَشە ناوخۆیی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان) بەبەشداری دکتۆر موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دکتۆر عەبدولحەکیم خسرۆ مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر فرسەت ێۆفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرا.