
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە وۆرکشۆپدا
بەشی شوێنەواری کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای فەڕەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک لقی هەولێرناسراو بە (IFPO) وۆرکشۆپێکی دوو رۆژە لە بارەی(مەسیحیەت لە عێراقدا لەگەڵ هاتنی ئیسلام) بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمیست و توێژەران سازکرد، لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا هەریەکە لە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و کونسلی گشتی فەڕەنسا لە هەولێرو راگری کۆلێژی ئاداب و بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە کۆلێژی ئاداب و بەڕێوەبەری بەشی شوێنەوارو مێژووی سەردەمی کۆن لە پەیمانگای فەڕەنسی بۆ رۆژڵاتی نزیک و بەڕێوەبەری بەشی توێژینەەوەی عەرەبی لە سەدەکانی ناوەڕاست وتاریان خوێندنەوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە بەشێکی وتارەکەیدا رایگەیاند:قسەکردن لەسەر بابەتێکی ئاوا لە زانکۆی سەلاحەدین کە زانکۆیەکی فرە رەنگ و ئایین و مەزهەب و نەتەوەییە، مانایەکی قوڵی هەیە، چونکە ئەو زانکۆیە موڵکی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستانەو بە شانازییەوەش زانکۆمان بەشێکی تایبەت بە سریانی ماوەی چەند ساڵێکە کردۆتەوەو ساڵ بە ساڵ ئەو بەشە پێشدەکەوێت.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین هەر لە وتارەکەیدا ئەوەشی گوت:لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بایەخی زۆری داوە بە ئازادی ئایینی و نەتەوەیی و لە پاڵ گرینگیدان بە ئاینی ئیسلام گرینگی تەواوی داوە بە ئایینەکانی دیکەو بە دریژایی مێژووش هەرێمی کوردستان لانکەی ئاینە جاوازەکان بووە، بۆیە ئەنجامدانی توێژینەوەو قسەکردن لەسەر ئەو فەرهەنگە جوانە، ئەو کلتوورە فرە رەنگە، لە رووی زانستییەوە لەو وۆرکشۆپە کارێکی زانستی پڕ بایەخەو بە شانازییەوە زانکۆ لە دەلاقەیەکی دیکەوە کاری لەسەر دەکات ئەویش بابەتی شوێنەوارناسییە.
شیاوی باسە وۆرکشۆپەکە ماوىی دوو رۆژی خایاند ژمارەیەک توێژینەوەی شوێنەوارناسی لە بارەی ئاینی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و کاردانەوەی مەسیحییەکان لە کاتی هاتنی ئیسلام لە عێراق وداهاتووی موڵکی مەسیحیەکان لە خوارووی عێراق و ئایینی مەسیحی لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.