
زانکۆی سەلاحەدین ڕێز لە خانەنشینانی خۆی دەگرێت
لەمەراسیمێکی شایستەدا لە سەنتەری رۆشەنبیری، زانکۆی سەلاحەدین رێزلێنانی تایبەتی بەخشیە ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی لەماوەی ئەم ساڵدا ئەرکەکەیان تەواوبوو و خانەنشین بوون.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (پ.د.ئەحمەد دزەیی) و ژمارەیەک راگر و بەرێوەبەرەکانی زانکۆ، مەراسیمێکی تایبەت رێکخرا بەمەبەستی بەخشینی بروانامەی رێزلێنان بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی تەمەنێکی زۆریان بە زانکۆی سەلاحەدین بەخشی و هەوڵ و ماندووبونیان لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە بەرز نرخێنرا.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەشدا سەرۆکی زانکۆ لەمیانەی ووتەیەکیدا سوپاس و پێزانین خۆی بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە خانەنشینانە دەربری و ئەوەی راگەیاند کە زانکۆی سەلاحەدین هەمیشە بە رێزەوە لە هەوڵ و ماندووبونی ئێوە دەروانێت و ئەرک و بەخششەکەتان بۆ زانکۆ یەکێکە لەو فاکتەرانەی ئێستا زانکۆی سەلاحەدینی پێ بەرزبۆتەوە، بۆیە ئێمە لەرێگەی ئەو مەراسیمی رێزلێنانەوە دەمانەوێت ئەوەتان پێرابگەیێنین کە ئێوە هەمیشە بە زیندووی لە زاکرەی زانکۆی سەلاحەدین دەمێننەوە.
هەروەها سەرۆکی زانکۆ ئەوەی راگەیاند کە مەراسیمەکە ئامانجێکی دیکەشی لە پشتە ئەویش هاندانی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەیە کە ئێستا بەردەوامن لە خزمەت بۆ ئەوەی پێیان بڵێین کە ماندووبوون و خزمەتەکانتان هەمیشە لەبەرچاو گیراوە و زانکۆ بە چاوی رێزەوە لە هەموو هەوڵ و ماندووبونێک دەروانێت.
شایەنی ئاماژە بۆ کردنە لە مەراسیمەکەدا بروانامەی رێزلێنان و میدالیای زانکۆ بەخشرایە ٤٧ مامۆستا و بەرێوەبەر و فەرمانبەر کە لە ماوەی رابردوو خزمەتی زانکۆی سەلاحەدینیان کردووەو ئەم ساڵ خانەنشین بوونە.