
زانكۆی سەلاحەدین مەراسێمێكی تایبەت بە رێزلێنان و خەڵات كردن سازكرد
لە سەنتەری رۆشەنبیری زانكۆی سەلاحەدین، بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و راگر و ئەنجومەنی كۆلێژەكان، مەراسیمێكی تایبەت بەرێوەچوو بۆ رێزلێنان و خەڵاتكردنی پرۆفیسۆرە تازەكانی زانكۆ و مامۆستاو فەرمانبەرە خانەنشینەكانی زانكۆو ئەو توێژەرانەی توێژینەوەی فاكتەری كاریگەریان بڵاوكردۆتەوە لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری لەسەر ئاستی كۆلێژەكانیان یەكەم بوونە.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، دكتۆر ئەحمەد دزەیی وتارێكی پێشكەش كرد تێیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە زانكۆی سەلاحەدین هەمیشە ویستویەتی مامۆستا و توێژەر و فەرمانبەرانی خۆی خەڵات بكات و رێزلێنانی تایبەتیان بۆ رێكبخات. وەك نەریتێكی ساڵانە زانكۆی سەلاحەدین رێز لەوانە دەگرێت كە توانیویانە ببنە پرۆفییسۆر و لە خزمەتكردنی زانكۆی سەلاحەدین بەردەوامن، هەروەها وەك پاڵپشتیەك بۆ تویچژینەوەی زانستی، هەمیشە زانكۆ ئەو توێژەرانەی خەڵات كردووە كە توێژینەوەكانیان لەو گۆڤارانە بڵاوكردۆتەوە كە فاكتەری كاریگەریان بەرزە. هەروەها وەك رێزێكیش بەرامبەر ئەو خزمەتەی ساڵانێك پێشكەشی زانكۆیان كردووە، مامۆستا و فەرمانبەرە خانەنشینەكانی خۆمان بەبەرز رادەگرین و رێز لە ماندووبوونی چەند ساڵەیان دەگرین.
لە چوارچێوەی پرۆسەكەدا، حەڤدە پرۆفیسۆر كە لە ساڵی 2019 بوونەتە پرۆفیسۆر خەڵاتكران بەرامبەر ئەو هەوڵ و ماندووبونانەی كە لە خزمەتی زانكۆ سەرفیان كردووە. هەروەها ئەو توێژەرانەش خەڵات كران كە توێژینەوەكانیان بەناوی زانكۆی سەلاحەدینەوە لە گۆڤارە فاكتەر كاریگەرەكان بڵاوكردۆتەوەو بوونەتە بەشێك لە بەرزكردنەوەی پێگەی زانكۆی سەلاحەدین لە ریزبەندیە جیهانیەكان. هەر لەم مەراسیمەدا 15 مامۆستا بروانامەی رێزلێنانیان پێبەخشرا بەهۆی ئەوەی لە پرۆسەی دڵنیایی جۆری (زانستخوازی بەردەوام – فیدباكی قوتابیان – هەگبەی مامۆستا) توانیان لەسەر ئاستی كۆلیژەكانیان یەكەم بن.
پاشان چەند فەرمانبەرێك و مامۆستایەك خەڵات كران كە لە ماوەی شەش مانگی رابردوو خانەنشین بوون، كە ساڵانێكی زۆر خزمەتیان بە زانكۆی سەلاحەدین كردبوو. هەروەها دوو مامۆستای سەرپەرشتیار لە پێشبركێی كۆمپانیای هواوی خەڵات كران كە توانیان قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین بگەینە ئاستی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق.
لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین خەڵاتێكی تایبەتی بەخشیە قوسەی ئەلزوهەیری و خانەوادەكەی كە هاوڵاتیەكی خەڵكی موصلە و لە ماوەی رابردوو كتێبخانە تایبەتیەكەی خۆی كە زیاتر لە هەزار و پێنج سەد كتێب لەخۆی دەگرێت، بەخشیە زانكۆی سەلاحەدین.