
وۆرک شۆپێک سەبارەت بە پەرەپێدانی پرسە کارگێریەکانی زانکۆ
لە سەنتەری رۆشەنبیری زانکۆی سەلاحەدین وۆرک شۆپێک بەرێوەچوو سەبارەت بە پەرەپێدانی پرسە کارگێریەکانی زانکۆ. لە وۆر شۆپەکەدا کە یاریدەدەری راگرەکانی کۆلیژەکانی زانکۆ تێیدا ئامادەبوون، لە رێگەى چەند تەوەرەیەکەوە بابەتی بەرەوپێش بردنی چۆنیەتی باشترکردنی پرسە کارگێریەکانی زانکۆ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە تەوەرەی یەکەمی وۆرک شۆپەکەدا مامۆستا هۆشمەند رەفیق (بەرێوەبەری بەدواداچونەوە لە سەرۆکایەتی زانکۆ) دیدگاى نوێی زانکۆ بۆ کارکردن خستە روو، لە میانی ووتەکانیدا بابەتی یەکسختنی کارگێری زانکۆی بەگرنگ زانی بۆ بەرێوەپێش چوونی زیاتری زانکۆی سەلاحەدین. لەو چوارچێوەیەدا چەند رێنمایەکی نوێی زانکۆی راگەیاند سەبارەت بە یەکخستنی کار و چالاکیە زانستی و گشتیەکانی زانکۆ، بۆ ئەوەی لە ماوەی رابردوو بە باشترین شێوە سودی لێ وەربگیرێت.
تەوەرەی دووەمی وۆرک شۆپەکە تەرخان کرابوو بە پرسی یەکسختنی نوسراوە فەرمیەکانی زانکۆ، کە لەلایەن مازن مستەفا (بەرێوەبەری سەرچاوەمرۆییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ) پێشکەش کرا، تێیدا باسی لە نوێترین رێنماییەکان کرد لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەی نوسراو کلێشەی سەرجەم دامەزراوەکانی ناو زانکۆی سەلاحەدین یەکبخرێن بەپێی ئەو ستانداردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکات. پاشان مامۆستا هێردن ئیبراهیم (بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی زانکۆ) لە میانەی بابەتێکیدا تیشکی خستە سەر چۆنیەتی ئامادەکردن و ئاراستەکردنی کۆنووسی کۆبوونەوە فەرمی و دانیشتن و بریارەکانی لیژنەکان، بۆ ئەوەی کۆنوسەکانی زانکۆ هەمووی بەپێی یەک ستاندارد رێکبخرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی وۆرک شۆپەکەدا دکتۆر کەمال یابە (بەرێوەبەری کاروباری یاسایی زانکۆ) چەند پرسێکی یاسایی بابەتی کارگێری خستەروو کە تێدا جەختی لەسەر رۆڵی یاریدەدەری راگرەکان کرد لە راپەراندنی ئەرکە کارگێریەکانی زانکۆ. هەر لە میانی تەوەرەکەیدا بابەتی چۆنیەتی بەکرێدانی کافتریا و کۆشک و فۆتۆکۆپی کۆلیژەکان و چۆنیەتی رێکخستنەوەی کاری وێنەگرەکان خستە بەردەم بەشداربوانی وۆرک شۆپەکە.
لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەشدا بەشداربووان چەندین سەرنج و تێبینیان خستە روو بۆ باشترکردنی پرسە کارگێریەکانی زانکۆ، لەم بارەیەوە چەند پێشنیارێک خرایە روو کە کرایە راسپاردەی وۆرک شۆپەکە.