
لە کاتژمێر(٢)ی پاش نیوەڕۆ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧/٣/٢٠١٩لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆرە فاڵا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و رێزدار نێچیرفان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و دکتۆر پشتیوان صادق وەزیری پەروەردەو پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دبلۆماتکارانی وڵاتان و خانەوادەی کۆچەر بیرکارو سەدان مامۆستای زانکۆو قوتابیانی زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە زانای گەورەی کورد(پ.د.کۆچەر بیرکار)بەخشی.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بە مارشی نیشتیمانی عێراق و مارشی ئەی رەقیب دەستی پێکرد، پاشان سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورەومیهرەبان
بەڕێزان....
ئامادەبووانی خۆشەویست....
میوانانی ئازیز....
مامۆستایان.... قوتابیان
بەخێربێن بۆ مەڕاسیمی رێزلێنان و بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە بلیمەتی گەنجی کورد، پسپۆڕی بواری ماتماتیک پرۆفیسۆر دکتۆر فەریدوون درەخشانی ناسراو بە (کۆچەر بیرکار)، بیرکارە دانسقە هاوچەرخەکەی سەرتاسەری کوردستان.
بەخێرهاتنی تایبەتی پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکارو خانەوادەکەی دەکەین کە ئەمڕۆ لە دەرەوەی وڵات تەشریفیان هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان و بانگهێشتنامەی زانکۆی سەلاحەدینی قبوڵکردوەو رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لە زانکۆمان دەربڕیووە.
خۆشىەویستان...
زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەک گەورە زانکۆو دێرین و پێشەنگەکەی کوردستان، هەردەم شانازی بە هەموو گەنجێکی کوردی داهێنەر کردوە جا لە هەر شوێنێکی کوردستان یا هەر کونجێکی جیهان بێت، ئەمە جگە لەوەش دەستی هەموو گەنجێکی کوردی گرتووە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی و پاڵپشتیکردون بۆ داهێنان لە پسپۆڕی جیاوازدا، ساڵانە خەڵاتی ژمارەیەکی زۆر توێژەر دەکات کە ئاستی توێژینەوەکانیان بەرزە، ئێستاش بە شانازییەوە لەم کەرنەڤاڵە زانستییەدا بڕوانامەی دکتۆرای فەخری دەبەخشینە کۆچەر بیرکاری زانای پسپۆڕی ماتماتیک کە بۆتە جێگەی شانازی هەموو کوردێک لەسەرتاسەری کوردستان، ئێستا کۆچەر بیرکار هی میللەتێکە، هی هەموو زانکۆ کوردستانییەکانە.
زانکۆی سەلاحەدین، لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئەوە سێیەمین بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییە دەیبەخشێتە کەسانی ناوازە وەک پێزانینێک بۆ هەنگاوو کارە نمونەییەکانیان، لە ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەخشییە دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی بیرمەندی تورک و دۆستی گەلی کوردو پاشتر لە ساڵی ٢٠١٥ ئەو بڕوانامەیە بەخشرایە هزرمەندی کورد دکتۆر مستەفا زەڵمی، ئەمە رەنگە سێیەم و کۆتا نەبێت هەر کاتێک کەسانێک خزمەت بە دۆزی کورد بکەن لە رووی زانستی و سیاسییەوەو بگەینە ئەو بڕوایە کە دکتۆرا بەو کەسانە ببەخشین ئەوا ئەو هەنگاوە هەڵدەگرین بۆ هاندانی کەسانی دیکەی هاوشێوە.
بەڕێزان...
ئێستاش ئەو رووداوەی ئەمڕۆ جگە لە پێزانیمان بۆ شۆڕشە زانستییەکەی بیرکار، دەمانەوێت لێرە بە هەموو گەنجانی هەموو پارچەکانی کوردستان بڵێن لە رێگەی شاکارە زانستییەکانتانەوە کورد بە جیهان بناسێنن و دەنگی کورد بگەیەننە گوێچەکەی جیهانی دەرەوە، با مرۆفایەتی بزانێت گەنجی کورد هیچی لە گەنجانی جیهان کەمترنییەو ئەوەتا کێبڕکێی گەنجانی دونیا دەکات.
لە کۆتاییدا وەک ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر بە شانازییەوە پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار و خانەوادەکەی دەکەین بە بۆنەی وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لە زانکۆمان و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بەرزانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی جیهان وەریگرتووە، بەتایبەت وەرگرتنی(میدالیای فێڵدز)ی جیهانی لە بواری ماتماتیک کە هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵی جیهانییە.
هیودارین هاتنی بیرکار رەنگادنەوەی باشی هەبێت لەسەر ئاستی زانستی پسپۆڕی ماتماتیک لە کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لەو بیرۆبۆچون و ئایدیایانەی لەو سمینارو وۆرکشۆپانەی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لە زانکۆمان ئەنجامی دەدات، بە دڵنیاییشەوە قوتابیان و مامۆستایانمان ئەو کاتە زێڕینەی لەبەردەستییانە دەیقۆزنەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لە زانا هاوچەرخەکەی بواری ماتماتیکی جیهانی کاکە کۆچەر بیرکار.
هەر لە خۆشیدا بن و کوردستان هەردەم ئاوەدان و ئارام بێت
هەروەها لە مەڕاسیمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان له مهراسیمی بهخشینی بڕوانامهی فهخری به زانای كورد كۆچهر بیركار رایگهیاند: پیرۆزبایی له گهلی كوردستان دهكهم كه زانای وهك كۆچهر بیركاری پێگهیاندووه و هیوادارین له زانكۆكانی كوردستان ناوی كۆچهر بیركار بهرز رابگرن.
ههروهها سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان سوپاسی زانكۆی سهڵاحهدینی كرد بۆ بهخشینی بڕوانامهی فهخری به كۆچهر بیركارو رایگهیاند: بیانوو گلهیی چارهسهری هیچ گرفتێك ناكات و پێوسته قوتابیان و مامۆستایان كات بهفیڕۆ نهدهن.
ههروهها گوتی: كوردستان پێویستی به كهسانی زانا ههیه و پێوسته لهپێناو زانستیش شهوو رۆژ یهك بخهین.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ئێستا كوردستان خاوهنی ههیه.
دهقی وتارهكهی نێچیرڤان بارزانی
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێ،
بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیز دکتۆر "کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەستخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سەرۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "دکتۆر کۆچەر" ببەخشن. سوپاسیان دەكەم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمه و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كه لێرە لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا بەشدارم.
ئەوه راستی بێت، لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە ئەوان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش رایبگەینین؛ پێویستە رووبکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بەھۆی گرژییەكان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.
ئێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئەو ڕاستییەمان لەبیربچێتەوه کە تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بریتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە. دەبێ لەبیرمان نەچێتەوە کە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لەدەسکەوتی زانستییانەدایە.
گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستییانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان ببەنە پێشەوە و لە ناوخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا. کوردستان پێشمەرگە و كەسى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كەسانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.
ئێمە دەزانین دکتۆر کۆچـەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تاگەیشتە ئەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئەمە ھـەر بۆ خـۆی وانەیەكى تره بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەکی کۆمەڵگەی ئێمە ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (30) زانکۆ ھەیە کە (700) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (ھەشت) ھەزار دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئابووری، ھەردەم ئەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.
بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییەک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە، بەڵام دەڵێین پێویستە قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بەفیڕۆنەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شەو و رۆژ بخەنه سەر یەك. دەبێ لەمەولا زانایەکی وەکو دکتۆر "کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە ھەنگاوێكى مەزنى ھەڵێنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاین دەگات بە لووتکەی بەرزتریش.
دەبێ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مەزنى وەک حەزرەتى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێ دەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سەركرده مەزنهكانى وەکو شێخ مەحموود و قازی محەممەد و بارزانیی نەمر کە لە پێناو داھاتووی ئێمەدا، ھەموو قوربانییەکیان بەخشى.
ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان، ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریشدا بوو، ھەر ئەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئێمەدا، گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.
بەڵام ئەوەش بزانین، لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگە. ئامانجى یەكەم و سەرەكیى قوتابییان و خوێندكاران دەبـێ بەدەستهێنانى زانست و زانین بێت. دەبێ خۆدەوڵەمەندكردن و خۆپڕچەككردن بێت به زانست و زانین، نەك تەنیا دەرچوون له زانكۆ و وەرگرتنى بڕوانامه.
لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدەن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئێمە لێرەدایە. بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئێوە لە پێناوی فێربوون و زانستدا دێتە دی.
لە رابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلەكەماندا ھەڵکەوتوون. ئەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.
ئەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازییە، بەڵام ئەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەرئەوە بەرھەمی زانا و بلیمەتەكانى ئـێمە، بێكەس دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.
ئێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوەدەبەن. ئامادەبووانى بەڕێز، لەبەر ئەم چەند سەرنجانه بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان لەگەڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "دکتۆر کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەوان ئێمە ئەمڕۆ ھەموومان لێرە کۆبووینەتەوە.
لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەکو پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر بیرکاری پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێھاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.
لەبرگەیەکی دیکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین فەرمانی زانکۆیی بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە کۆچەر بیرکار خوێندەوەو دواتر بانگی کۆچەر بیرکاریکرد و بڕوانامەکەی پێی بەخشی.
پاشان کۆچەر بیرکار وتارێکی لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو بڕوانامەی پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زانکۆی سەلاحەدینی کرد لە بەرامبەر رێکخستنی ئەو مەڕاسیمەو رێزگرتنەی لێی.
باشووری کوردستان
دکتۆرای فەخری بەخشرایە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار
کۆچەر بیرکار لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵ بووم کە دووبارە سەردانی کوردستانم کردەوە. من لە گوندێک گەورە بووم کە باری خوێندن تیایدا باش نەبووە. خوێندنگەکەمان باش نەبوو و شەڕی عێراق و ئێران و ئاوارە بوون هەبوو. سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتییان داوم بە تایبەت دایک و باوکم". هەروەها لە وتارەکەیدا ئەوەشی گوت: بیرکاری لەگەڵ حەز و سروشتی مندا هەر لە تەمەنی 10 ساڵیەوە دەگونجا و لە قۆناغەکانی دواتریش ئەم حەزەم زیاتری کرد. کتێبخانەی شاری مەریوان سوودی زۆری هەبوو چونکە کتێبی زۆر بە سوودی لێبوو". بیرکارلە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: زۆر گرنگە قوتابی فێری ئەوە بکرێت دەست بە داهێنان بکات لە بوارە جیاوازەکاندا، چونکە ئێمە پێویستمان بە زیاد لە یەک کۆچەر بیرکارە و بە یەک کۆچەر بیرکار وڵات پێش ناکەوێت".
بیرکار داوای کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بدات بە خوێندنی باڵا و چونکە بە گووتەی ئەو لە ئاستی پێویستدا نییە، ئاشکراشیکرد کە چەند پڕۆژەیەکی گرنگی دەبێت تاکو خزمەتی خوێندنی لە کوردستان پێ بکات.
شیاوی گوتنە ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر لە دانیشتنی ژمارە(٢)ی رێکەوتی(٨/١٠/٢٠١٨) بڕیاریدا بڕوانامەی دکتۆرای فەخری ببەخشێتە زانای گەورەی کورد (پ.د.کۆچەر بیرکار) بەرامبەر وەرگرتنی بەرزترین خەڵاتی میدالیای فیڵدز لە بواری ماتماتیک لە سەر ئاستی جیهان.