
زانكۆی سەلاحەدین گەورەترین پرۆسەی خوێندنی باڵای لە 2020 راگەیاند
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین (پرۆفیسۆر دكتۆر ئەحمەد دزەیی) گەورەترین پرۆسەی خوێندنی باڵای راگەیاند لە ساڵی 2020.
بەبۆنەی دەستپێكردن بە پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆی سەلاحەدین، سەرۆكی زانكۆ كرنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد، كە تێیدا پلانی زانكۆی سەلاحەدینی روونكردەوە بۆ خوێندنی باڵا لە ساڵی 2020. لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە، دكتۆر ئەحمەد دزەیی گوتی (ماوەیەكی زۆرە ئێمە لە زانكۆی سەلاحەدین كار لەسەر ئامادەكردنی پلانێكی فراوان دەكەین بۆ خوێندنی باڵا، بە خۆشحاڵیەوە ئەمرۆ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم پلانە پەسەندكرا. ئەمە پرۆسەیەكی گرنگ و گەورەیە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆری قوتابی ماوەیەكی زۆر چاوەروانی ئەم دەرفەتە بوون بێن لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیە درێژە بە خوێندن بدەن.)
هەروەها گوتی (ساڵانێكی زۆربوو پرۆسەی خوێندنی باڵا سست بوو بەهۆی رێنماییەكانەوە، بەڵام بە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بەشێكی زۆری رێنماییەكان رێكخرانەوە بەشێوەیەك كە ژمارەیەكی زۆری قوتابی توانیان لە خوێندنەكانیان بەردەوام بن، ئەویش لەرێگەی دەستكاریكردنی مەرجی زمانی ئینگلیزی)
سەبارەت بە پلانی ئەم ساڵ، دكتۆر ئەحمەد دزەیی گوتی ( لە پلانی ئەم ساڵمان ژمارەیەكی زۆری كورسیمان تەرخان كردووە بەهۆی ئەوەی سێ ساڵە ئەم پرۆسەیە خەڵك چاوەروانی دەكات. سەرەتا ئێمە پلانەكەمان 1600 كورسی بوو، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ووردبینی تێدا كرد، رەزامەندی تەنها لەسەر 1466 كورسی كرا. ئەویش بەشێوەیەكە كە 281 كورسی بۆ دبلۆمی باڵا تەرخان كراوە، 873 كورسی بۆ ماستەر، هەروەها 402 كورسیش بۆ دكتۆر تەرخان كراوە) سەبارەت بەشێوازی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆی سەلاحەدین سەرۆكی زانكۆ گوتی (ئێمە تیمێكی تایبەتمان ئامادەكردووە لە سەنتەری رۆشەنبیری زانكۆ پێشوازی لەوانە دەكەن كە خوازیارن لە زانكۆی سەلاحەدین درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن. كە فۆرمێكی تایبەتمان ئامادەكردوە، ئەم فۆرمە لە ماڵپەری فەرمی زانكۆی سەلاحەدین بەردەستە. پێشكەشكردن لە 1/5/2020 دەست پێدەكات تاوەكو 19/1/2020، هەروەها لە 26/1/2020 تاقیكردنەوەی زانستی ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە لە 4/2/2020 دەرەنجامەكان رابگەیێنین، هەروەها لە 16/2/2020 دەست بە كۆرسی خوێندن دەكرێت) سەبارەت بە كورسیەكانیش، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین گوتی (هەندێ كورسی تایبەتمان بۆ كارمەندانی خۆمان تەرخان كردووە بەپێی پێویستیمان بە پسپۆریەكان، هەروەها بەشێكی كورسیەكانیشمان تەرخان كردووە بۆ زانكۆ تازەكان وەك پاڵپشتیەكان بۆ ئەم زانكۆیانە، بەشێكی كورسیەكانیش بەشێوەی پاراڵێلە بۆ ئەو ئارەزوومەندانەی لە كەرتی تایبەتی دەخوێنن، هەورەها بەشێكی كورسیەكانمان كورسی گشتیە بۆ سەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. پێشكەكردنەكە لە رێگەی ماڵپەری زانكۆی سەلاحەدین دەبێت كە هەموو رێنماییە پێویستەكانی تێدایە.)
سەبارەت بە مۆڵەتی خوێندن، سەرۆكی زانكۆ گوتی (ئێمە فۆرمی تایبەتیمان ئامادەكردووە بۆ ئەوانەی پێشكەشی زانكۆی سەلاحەدین دەكەن و لە زانكۆكان دەوام دەكەن بۆ ئەوەی دواتر كە وەرگیران توشی كێشەی پێنەدانی مۆڵەتی خوێندن نەبن، هەروەها ئەوانەی كە لە دامەزراوەكانی دەرەوەی خوێندنی باڵان پێویستی نوسراوی لارینەبوون بێنن لە دامەزراوەكانی خۆیان كە واژۆی بەرێوەبەرە گشتیەكە و وەزیری پێوەبێت بۆ ئەوەی ئەمیش بەهەمان شێوە توشی كێشەی پێنەدانی مۆڵەتی خوێندن نەبێت. بەڵام ئەوانەی لە هیچ دامەزراوەیەكی حكومی فەرمانبەر نینە، پێویستە لە دادنوس بەڵێنمایەك پربكەنەوە كە بیسەلمێنن كە فەرمانبەرنین لە حكومەت.)
سەبارەت بە پەسەندنەكردنی تەواوی پلانی زانكۆی سەلاحەدین، سەرۆكی زانكۆ گوتی (هەر چەندە ئێمە پلانەكەمان بەو شێوەیە بوو كە سەرجەم بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین پرۆسەی خوێندنی باڵایی تێدا بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەندێ مەرج بەشێك لە پلانەكەمان رەتكرایەوە بە تایبەت لە بەشەكانی راگەیاندن، شێوەكاری، دارایی و بانك، شوێنەوار، و سامانی ماسی.)