
سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی لەگەڵ بەرێز مورتەزا ئابادی (سەرکونسلی گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران).
بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەک کونسلی گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی کوردستان، زانکۆی سەلاحەدین بروانامەی رێزلێنانی بەخشیە بەرێز مورتەزا ئابادی (سەرکونسلی گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران).
لە دیدارێکدا کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین بەرێوەچوو، سەرۆکی زانکۆ (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی) پێشوازی لە کونسلی کۆماری ئیسلامی ئیران کرد و دیاری و رێزلێنانی تایبەتی پێبەخشی بەرامبەر ئەو هەموو ئاسانکاریانەی لەماوەی کارکردنی کردبووی بۆ دروست کردن و پتەو کردنی پەیوەندیەکان لەنێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی. لە دیدارەکەدا کە راگری کۆلیژی ئەدەبیات و بەرێوەبەری پەیوەندیە ئەکادیمیەکان تێیدا ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی زانکۆی دەربری بۆ بەردەوامی دان بەو پەیوەندیە پتەوەی زانکۆ هەیەتی لەگەڵ زانکۆکانی ئیران.
لای خۆیەوە کونسلی گشتی سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینی کرد بۆ ئەو پێزانینە و خۆشحاڵی خۆی دەربری کە شەرەفی ئەوەی هەبووە لە ماوەی رابردوو لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەو زانکۆیە بکات و ببێتە پردی هەماهەنگی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆکانی ئیران. لە کۆتاییشدا ئامادەیی خۆی دەربری کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشی بەردەوام دەبێت لە دروست کردنی پەیوەندیە زانکۆییەکان.