
یەکەمین کۆنفرانسی بازرگانی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە سپۆنسەری زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر بەڕێوەچوو
کۆنفرانسی بازرگانی زێڕ لەهەرێمی کوردستان و عێراق لە ھۆتێل ڕۆتانای شاری ھەولێر بەسەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەڕێوەچوو بۆ تاوتووێکردنی بازرگانی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەو لەم کۆنفرانسەدا بەرپرسانی حکومی و شارەزایان و ئەکادێمێستەکان و بەشێک لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و لە ناویان زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر، وەک تاکە ناوەندی ئەکادیمی سپۆنسەری کۆنفرانسەکە بەشداربوو.
هاوکات کۆنفرانسەکە لە سێ پانێلی سەرەکی پێکھاتبوو ، بە گشتی تەوەرەکان تایبەت بوون بە گرنگی بازرگانی کردن بە زێڕ لەرووی داھات و باج رسوماتەوە.
ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی ئەم بازرگانییە لە رووی شەریعەتی ئیسلامەوە، هاوکات چۆن بتوانین ھەرێمی کوردستان بکەینە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی ئەم کانزایە بە نرخە و ھاوشانی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان چالاکی بکەین، ئەمەش گرنگییەکی زۆری ھەیە لە ڕووی ئابوورییەوە.
ئەمەو د. جوان سەعید مامۆستا لە کۆلێژی ئابووری و بەڕێوەبردنی زانکۆی سەلاحەدین پانێلی دووەمی کۆنفرانسەکەی بەڕێوەبرد و پرسی پانێلەکە تایبەت بوو بە ھەڵسەنگاندنی ئەم بازرگانییە لەرووی شەریعەتی ئیسلامەوە، چەندین بۆچوون خرایە روو سەبارەت بەوەی و چی بکرێت تا باشتر ئەو پرسە ڕێکبخرێتەوە.
پانێلی سێیەم لەلایەن ھەرێم ڕێبوار رێکخەری کۆنفراسەکە و ھاوکات مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو، ئەم پانێلەش تایبەت بوو بە چۆنیتی بەستنەوەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان و سوود وەرگرتن لە شێوازی نوێی مامەڵەکردن، لە ئێستاشدا لە بۆرسە جیهانییەکان پەیرەودەکرێت بە ئامانجی زیاتر چالاککردنی ئەم بازرگانییە لە ھەرێمی کوردستان.
کۆنفرانسەکە لە کۆتایدا بە کۆمەڵێک سەرنج و راسپاردە و پێشنیار کۆتایی ھات، ئەمەو وا بریارە دەرەنجامەکانی بکرێتە راپۆرتێک و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکرێت.