
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە خولى راهێنانى پێداگۆجى لە بنکەى زانکۆى سەلاحەددین
بەچاودێرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەیوونى پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین، سەرۆکى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى لەهەولێر، ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆکان لە بنکەى زانکۆى سەلاحەددین یەکەم خولى راهێنانى پێداگۆجى، لەهۆڵى سمینارەکانى سەنتەرى رۆشنبیرى زانکۆ بەڕێوەبرا، ئەمەو سەرەتا پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین وتەیەکى بەبۆنەى دەستپێکردنى ئەم خولەوە پێشکەشکرد و تیایدا جەختى لەو خاڵانە کردەوە کە دەبێتە هۆى پێشکەوتن و برەودان بە چۆنیەتى وانە گوتنەوە و چۆنیەتى گەیاندنى زانیارییەکان لەلایەن مامۆستاوە بۆ قوتابى و خستنە رووى ئەو بیڕوڕایانەى کە لەوێدا پێشکەش دەکرێ، هاوکات خۆى بەخۆشحاڵ زانى بۆ بەستنى ئەمجۆرە خولانە لەزانکۆى سەلاحەددین و زانکۆکەشى بەماڵى هەمووان زانى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانست لەهەموو لایەکى کوردستان و لەهەموو بوارەکاندا. لەپاشاندا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەوێداى وتەیەکى پێشکەشکرد و تیایدا باسى لەو هەنگاوانە کرد کە بۆتە هۆى ئەنجامدانى خولى راهێنانى پێداگۆجى، لێرەشدا شێوازى وانە گوتنە بەپێى ستانداردە جیهانییەکان بێ ئەوە مایە ى خۆشحاڵییە، هاوکات ئەو کەسەى لەم خولەدا سەرکەوتن بەدەست بێنى، ئەوا بڕوانامەکەى دەبێتە جیهانى و دەتوانێ لەهەر شوێنێک بێ وانە بڵێتەوە، بۆیە بەڕێوەبردنى ئەمجۆرە خولە گرنگیەکى زۆرى هەیە بۆ برەودان بەبەرزکردنەوەى ئاستى زانست لەهەموو بوارەکاندا دەبێتە هەنگاوێک تا بتواندرێ لەئاست هەموو زانکۆکانى جیهان بین و بتواندرێ ئاستى زانستى قوتابى بەرزبکرێتەوە.
ئەوەى شیاوى باسە ژمارەیەک لەبەرپرسانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و مامۆستایانى زانکۆى سەلاحەددین لەوێدا ئامادەبوون و خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بەسازدانى ئەم جۆرە خولە.