
وتاری سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە سیمپۆزیۆمی ڕۆژی زمانی دایک
د٠ئازاد عزیز سلێمان سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد.
بێگوومان زمان، یهكێكە له بههێزترین
ئامرازهكانی پاراستنی کەلتووری گەلان و هۆکاری مانەوەی، و هاوکات یەکێک لە مافە بنچینەیی و سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەکارهێنانی زمانەکەیەتی لە خوێندن و نووسین و ئاخاوتندا، و ئەو مافە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە زۆربەی بەڵگەنامە و ڕێککەوتننامە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ هەموو گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دانیپێدانراوە. هەر وەک لە جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤیش جەختی لێکراوەتەوە، کە هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک و گروپێک مافی بە رەسمى ناساندنى خوێندن و نووسین بە زمانى دایک و فێربوونی زمانی دایك و خوێندن بەزمانی دایکیان هەیە، و بانگهێشتی وڵاتان دەکات بۆ ئەوەى ئەو مافە بەرەسمى بناسێنن و رێزى لێ بگرن.
بەڕێزان................
ئەمڕۆ ٢١ی شوبات، کە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، ئەو ڕۆژەیە کە ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان له ۱۷ی مانگی تشرینی دووەمی ۱۹۹۹دیاریکردوە و لە کۆمەڵەی گەلان بڕیاری لێدراوە، به ئامانجی رێزگرتن له زمانی سهرجهم نهتهوهكانی جیهان بە تایبەتی بۆ پاڕێزگاریکردن لە زمانی گەلانی ژێردەست و چەوساوە.
دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ پێکهاتە نەتەوییەکانی کەمینە لە وڵاتە فرەزمانەکان ڕۆژێکی گرنگ و پڕ بایەخە، چونکە زۆرجاران ئەو وڵاتانەی سیستەمی حوکمڕانیان دیموکراسی نییە، ئایدیۆلۆژیای سیاسەتە زمانییەکەیان لە وڵاتدا لە خزمەتی پێکهاتەی نەتەوەی باڵا دەستە و لە دژی زمانی کەمینەکانە، بەجۆرێک کە سیاسەتە زمانیەکەیان ئامانجی توانەوە و لەناوبردنی زمانی کەمینەکانیان هەیە.
بەڕێزان....
زمانی کوردی، لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە درێژایی مێژوویی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق تا ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ۱۹۹۱ هەوڵی بچوکردنەوە و بێ بایەخکردنی زمانی کوردی دراوە و هەمیشە هەوڵی بەرتەسککردنەوەی سنووری بەکارهێنانی دراوە، بەڵام بە فشاری بەردەوامی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕەنجی شاعیران و نووسەرانی کورد، کە هەمیشە، داکۆکیکاری سەرسەختی بەرگری و پاراستنی زمانی کوردی بون و وەک هۆکاری جیاوازی و مانەوە سەیری زمانی کوردیان کردوە.
گەر سەیری بارودۆخی مێژوویی میللەتی کورد بکرێت لەڕووی چەوسانەوەی نەتەوەیى و زمانەکەیانەوە، بە درێژایی مێژوو بە دەستى ڕەگەزپەرستانەوە چەوسێنراونەتەوە. بەجۆرێک کە زمانى کوردى لەلایەن چەندین زمانی جیاوازەوە زۆر دوژمنکارانە سەدان ساڵە چەوساندنەوەکەی بەردەوامە.
هیچ زمانێک بە ئەندازەی زمانى کوردى نەچەوسێنراوەتەوە و نەکەوتۆتە بەر لێشاوى هێڕشى دڕندانە و پەلاماردان و هەوڵدان بۆ شێواندن و لەناوبردن و سووک کردن و بوختان پێ کردن.
ئەگەر، بۆ گەلانی تر، بەتایبەتی گەلانی سەربەخۆ و خاوەن کیان زمان تەنیا هۆکاری پەیوەندی و گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد زمان ڕەهەندی سیاسیشی هەیە و هۆکارێکی گرنگی مانەوە و خۆناسین و خۆ جیاکردنەوەمان بوە و دەبێت، بە تایبەتی، لەگەڵ گەلانی تورک، عەرەب، فارس. لەبەرئەوەی زمان تاکە هۆکاری جیاوازی و ناسنامەی ئێمەیە، هەر بۆیەشە تاکو ئێستاش هەر دوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران مافی خوێندن، بە زمانی دایک بە کوردانی باکور و ڕۆژهەڵات ڕەوا نابینن.
گەلی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان درکییان بە مەترسیەکان ئەم فشارانە بۆ سەر زمانی کوردی کردبوو، بۆیە هەمیشە مافە کەلتوورییەکان و بەکارهێنانی زمانی کوردیان لە پڕۆسەی خوێندن و بوارەکانی دیکە کردبووە بەشێک لە مەرجی ڕێککەوتن لەکاتی دانوستاندن و گفتووگۆکانیان لەگەڵ ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان لە عێراقی کۆن و نوێدا، تا دواجار لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئەم مافە لە دەستووردا بۆ زمانی کوردی جێگیرکرا و دواتریش لە یاسایی زمانە فەرمییەکان لە عێراقدا خرایە بواری جێبەجێکردن، بەمەش زمانی کوردی لهگەڵ زمانی عهرهبی وهکو دوو زمانی رهسمی نهک تهنها له ناوچه کوردییهکاندا، بهلکو له سهرتاسهری عیراقدا دانیپێدانرا، ئەمەش وایکردووە زەمینەیەكى لەبارى رەخساندوە بۆ ئەوەى گەلى كورد لەم پارچەیەى كوردستان بە زمانى خۆیان قسەبكەن و خزمەتی زمانی کوردی بکەن. و لە ئێستادا زمانی کوردی خۆشبەختانە لە ئاست و پێگەی یاسای و دەستووری خۆیدایە و شکۆ و پایەی پارێزراوی خۆی هەیە.
بەڵام بەداخەوە زۆرجار لە لایەن شوفینزمانی سیاسی لەعێراقی نوێشدا پێشێلکاری لەبەرانبەریدا بەردەوامی هەیە، بۆیە ئێمە یادکرنەوەی ئەو ڕۆژانە دەکەینە هۆکارێک بۆ پێداگیریمان لەسەر مانەوە و پاڕاستنی ئەو پێگەیەی زمانی شیرینی کوردی کە بە هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیدان دەستەبەرکراوە.
بەڕێزان.....
دۆخی زمانی کوردی، لەهەرێمی کوردستاندا لە هەندێک لە کایەکان لە ئاستێکی خراپدایە، ئەویش بەهۆی ئەو ململانێی زمانییەی بەرۆکی زۆربەی زمانانی جیهانی گرتووە، بەهۆی ئەو جیهانگەراییەی ڕووی لە جیهانی نوێ کردووە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ نەبونی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی سەرباری دەرچونی یاسای ژمارە(٦ ی ساڵی ٢٠١٤) یاسای زمانە فەرمییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تا ئێستاش هەندێک بۆچوونی ئامانجدار هەن، کە زمانی کوردی، بە زمانی زانست نازانرێت،کە بۆچوونێکە لە ڕاستییەوە دوورە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.
ئـێمە لە بەشی زمانی کوردی بە هەوڵ و پشتیوانی ڕاگرایەتی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددین ، ئەم بۆنەیەمان کردۆتە نەریتێکی ساڵانە بۆ ئەوەی هەر ساڵە و بەجۆرێک کێشە و گرفتەکانی زمانی کوردی تێدا بخەینەڕوو و ڕێگەچارەی گوونجاویشی بۆ بدۆزینەوە، ئەم سیپۆزیۆمەی ئەمرۆشمان کە بە بەشداری ڕاستەوخۆی بەرێز وەزیری پەروەردەیە، یەکێکە لەو هەوڵانەمان، بۆ دەرخستنی بایەخ و گرنگی زمانی دایک لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لەبەرئەوەی زۆربەی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی زمان لە پەروەردەدا ئەرکی بنیاتنانی کەسێتی تاک و پەرەپێدانی لە خۆدەگرێت، و بە گرنگترین کەرت دادەنرێت، بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی زمان لای تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی.
پیرۆزبێت، رۆژی جیهانی زمانی دایک.