
ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوەبەرە گشتیەکانی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە سەنتەری رۆشەنبیری زانکۆی سەلاحەدین
بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوەبەرە گشتیەکانی زانکۆی سەلاحەدین، پێشوازی کرا لە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی. لە دیدارێکدا کە لە سەنتەری رۆشەنبیری زانکۆ بەرێوەچوو، وەزیری خوێندنی باڵا کۆبوونەوەیەکی پر بایەخی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بەرێوەبرد بۆ نەخشەسازی چوار ساڵی ئایندەی خوێندنی باڵا و توێژینەەی زانستی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەگرنگیەکەوە لەو کۆبوونەوەی روانی و بەسەرەتایەکی گرنگی هەژمار کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندنی باڵا. لەمیانەی ووتەکەیدا دکتۆر ئەحمەد دزەیی تیشکی خستە سەر گرنگی زانکۆی سەلاحەدین کە لەماوەی ساڵانی رابردوو توانیویەتی پێشرەوی پرۆسەی خوێندنی باڵا بکات لە هەرێمی کوردستان و بووەتە هەوێنی دروست بوونی چەندین زانکۆی دیکە. پاشان لەرێگەی پاکیجێک بۆچوون و پێشنیارەکانی زانکۆی سەلاحەدینی پێشکەشی وەزیری خوێندنی باڵا کرد کە تێیدا روانینی زانکۆی سەلاحەدین بۆ چوار ساڵی ئایندە بەتەواوی تێدا بوو. وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی پێشکەوتنی زیاتر زانکۆی سەلاحەدین، سەرۆکی زانکۆ دوو داواکاری ئاراستەی وەزارەت کرد بۆ ئەوەی بکرێتە ئەولەویەتی کارەکانی کابینەی نۆیەم. لە داواکاری یەکەمدا داواکرا کە کۆمەڵەی پزیشکی بخرێتەوە سەر زانکۆی سەلاحەدین بۆ ئەوەی لە رێزبەندیە جیهانیەکان بچێتە رێزی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکان، لە داواکاری دووەمیشدا داواکرا دەستبکرێت بە دروست کردنی کەمپی زانکۆ و لەمپەرەکانی بەردەمی هەڵبگیرێت، بە تایبەت کە زانکۆی سەلاحەدین گەورەترین زانکۆی هەرێمی کوردستانەو تا ئێستا کەمپێکی شایستەی نییە.
پاشان دکتۆر ئارام (وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوی زانستی) خۆشحاڵی خۆی دەربری کە دەرفەتی ئەوەی هەبووە لە نزیکەوە لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین کۆببێتەوە، لەمیانەی قسەکانیدا ووتی (ئەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەوانە بکەم کە رۆژێک لە رۆژان لە زانکۆی سەلاحەدین کراریان کرووە، پەیامی من بۆ ئێوە پەیامی برایەتی و پشتگیری کردنی هەموو ئەو پرۆژە باشانەیە کە دەستتان پێکردووە.) هەروەها ئەوەی دوپات کردەوە کە هەموو ئیمکانیەتی وەزارەت دەخاتە خزمەت پرۆژەکانی زانکۆی سەلاحەدین و ئەوەی راگەیاندن کەزانکۆی سەلاحەدین رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە بەبنیاتنای ستراتیژیەتی چوارساڵەی وەزارەت.
وەزیری خوێندنی باڵا سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینی کرد کە توانی لەکاتی قەیران بەردەوامی بدات بە پرۆسەی خوێندن. هەروەها پشتگیری خۆی بۆ داواکاریەکانی زانکۆی سەلاحەدین سەبارەت بە کەمپی زانکۆ و یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی پزیشکی راگەیاند و بەڵێنیدا کە لە ئەولەویەتی کارەکانیان دەبێت. لەکۆتایی قسەکانید ووتی سیاسەتی ئێمە سیاسەتی کرانەوەو پشتگیری کردنە چونکە ئێمە دەمانەوێت زانکۆکان ببنە شوێنی داهێنان و خزمەتکردنی زیاتر کۆمەڵگە لەبەرئەوەش دەبێ زانکۆکان خۆیان لەکاری حزبی بەدووربگرن و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
لەکۆتایی دیدارەکەشدا ئەندامانی ئەجومەنی زانکۆ بە چەندین پێشنیار و داواکاری دیدارەکەیان دەوڵەمەند کرد و وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەی دوپات کردەوە کە وەزارەت پێویستی بەو هەموو توانایەی زانکۆی سەلاحەدینە بۆ دارشتنی پلانی چوارساڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.