
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ مامۆستا ئافرەتانی زانکۆ
بەئامادەبوونى ژماریەکى زۆر لەمامۆستایان و قوتابیانى زانکۆ، زانکۆى سەلاحەددین –هەولێر بەهەماهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى کلتوورى بەریتانى لەسەنتەرى رۆشنبیرى ڤێستیڤاڵێکى سازدا بەناونیشانى رێزلێنان لەخانمانى بەتوانا "کەمئەندابوون رێگر نییە لەبەردەوام گەیشتن بەئامانجەکان"، لەسەرەتاى کردنەوەى ڤیستڤاڵەکەدا پیشانگەیەکى کلتوورى کوردەوارى کرایەوە، کە خۆى لە چەندین بابەتى هەمە رەنگ دەنواند لەو بابەتانەى کە لەلایەن کەمئەندامەکانەوە دروست کرابوون وەک رستن و چنین و نەخشاندنى تابلۆى هونەرى، لەپاشاندا لەنێو هۆڵدا خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لەرۆحى شەهیدان لەگەڵ مارشى نەتەوەیى ئەى رەقیب، هاوکات وتارى لێژنەى ئامادەکارى ڤێستڤاڵ خوێندرایەوە و تیایدا باسى لەهەموو ئەو چالاکیانە کرد کە لەنێوەندى ئەو ڤیستڤاڵەدا دێتە ئارا، هەروەها وتارى پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر پێشکەشکرا وتیایدا باسى لەهەموو ئەو هەموو هەنگاوانە کرد کە زانکۆى سەلاحەددین گرتوویەتیە بەر بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنى کۆمەڵگە و چۆنیەتى هێنانە ئاراى چالاکییەکان جەختیشى لەوە کردەوە وەکچۆن زانکۆى سەلاحەددین پێشەنگە لەنێوەندى زانکۆکانى کوردستاندا، هەرواش پێشەنگ بووە بۆ ئەوەى زیاتر زانست بۆ خزمەتى کۆمەڵگە بێ، دواى ئەمەش چەندین وتارى دیکەش خوێندرایەوە لەلایەن بەرێوەبەرى گشتى ئەنجوومەنى کلتوورى بەریتانى تیایدا باسى لەو جۆرە چالاکیانە کرد بۆ زیاتر خزمەتکردن بە کۆمەڵگە لەنێویانیشدا کەمئەندامان کە هیچ کاتێک سڵ ناکەنەوە لەسەرکەوتن و هەردەم بەردەوام دەبن، دواى پێشکەشکردنى وتارەکان لەکەشێکى میوزیک ئامێزدا گۆرانى ئێمە گیانێکن لەیەک جەستەدا لەسەر تەختەى شانۆ بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرا، هاوکات نمایشێکى شانۆیى بەناونیشانى ئێمە هەین، لەدواتردا چەندین چیرۆکى سەرکەوتن لەلایەن چەند کەسێکەوە پێشکەشکرا وەک (مەها خشن باکشۆ-راوێژکارى نێودەوڵەتى، ستیوارت هاریسۆن-راوێژکارى نێودەوڵەتى، م.سوندس عەلى عەباس-مامۆستاى زانکۆ، تەلار کازم مەحەمەد، ئەفراح ئیبراهیم فاتح-مامۆستاى زانکۆ، جوانە مستەفا تۆفیق، تریسکە عومەر عەلى، ئافتاو محەمەد عەبدولکەریم) لەلایەکى دیکەوە هونراوەیەک لەلایەن خاتوو کەنار بێباک خوێندرایەوە، هەروا گۆرانى نابیست و نادوا پێشکەشکرا، ئەمەو لەکۆتایى ئەو ڤیستڤاڵەدا دابەشکر دنى خەڵات و رێزلێنان پێشکەشکرا کە سەرەڕایى هەموو ناخۆشى ژیانیان، بەڵام سەرکەوتوو بوون و توانیویانە بگەنە ئەنجام بۆ خزمەتى خۆیان و کۆمەڵگە.