
سێیەمین سیمپۆزیەمی هاوبەشی زانکۆی سەلاحەدین لەبواری ئەندازیاریدا
لەچوارچێوەی پرۆژەی ئەندازیاری میکانیکی ئەڵمانی عیراقی MEGI، سێیەمیش سیمپۆزیەمی هاوبەش بۆ بەرەوپێشچوون لەسەنتەری رۆشەنبیری زانکۆی سەلاحەدین بەرێوەچوو کەتایبەت بوو بەبواری ئەندازیاری. سیمپۆزیەمەکە تایبەت بوو بە دۆزینەوەی پەیوەندیەکی گونجاو لەنێوان زانکۆ و دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆ، کەبەهاوبەشی لەلایەن زانکۆی فرایبێرگی ئەلمانی و رێکخراوی دادی ئەڵمانی و نۆ زانکۆ لەسەر ئاستی عیراق بەرێوەچوو، زانکۆ بەشداربووەکانی ئەو پرۆژە هاوبەشەکە بریتی بوون لە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی تەکنەلۆژی بەغدا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، زانکۆی نەهرەین، زانکۆی ئیشک، زانکۆی کۆیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، زانکۆی موێل، وە زانکۆی دیالە).
لەسیمپۆزیەمە کە کونسولی گشتی ئەڵمانیا و سەرۆکی زانکۆ بەشداربووەکان ئامادەی بوون، لەمەراسیمی دەستپێکدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وێرای بەخێرهێنانی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی دەربری بەوەی زانکۆی سەلاحەدین توانی بۆ جاری سێیەم ئەو سیمپۆزیەمە لەخۆی بگرێ. هەروەها ئاماژەی بەو دەستکەوتانە کرد کەزانکۆی سەلاحەدین لەو ماوەیە لەسەر ئاستی رێژبەندیە نوێیەکانی زانکۆکانی جیهان بەدەستی هێناوە، هەروەها هیوای ئەوەی خواست کە ئەمانە رەنگدانەوەی هەبێت لەو ریزبەندیەی نیشتمانیەی لەچەند رۆژی داهاتوو وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوی دەکاتەوە.
لەبەشێکی دیکەى مەراسیمی دەستپێکدا، دکتۆر نەژاد حسین (راگری کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین) ووتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم چالاکیە کە ئامانج لبَی پتەو کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆیە بۆ ئەوەی بزانین دەرچووانی زانکۆ داوی دەرچوونیان چۆن کاربکەن، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بزانین چ بابەتێک سودی بۆ قوتابی دەبێت و پرۆگرامەکانمان بەشێوەیەک رێکبخەین کەلەگەڵ بازاری کار بگونجێ. لەم بارەیەوە گرنگیدان بەکەرتی ئەندازیاری و پیشەسازی دەرەوەی زانکۆ بەپێویست زانی، هەروەها لەرێگەی ئەم سیمپۆزیەمەوە هانی مامۆستایانی زانکۆ بدرێت کەخۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو بابەتانەی ئێستا پێویستن.
شایەنی باسە سیمپۆزیەمەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێ کە بابەتەکانی دابەشکراون بۆ سەر سێ دانیشتن. کەتێیدا گرنگی دەدرێت بە بەهاوبەشی کردن لەنێوان زانکۆ و وەزارەتەکان و کۆمپانیاکان، هەروەها چۆن زەمینەیەکی لەبار بۆ هاوبەشیە دروست بکرێت.