
سوپاسنامەیەک لە ئەنجومەنی زانکۆوە بۆ سەرۆک وەزیرانی کوردستان
ئەنجوومەنی زانكۆى سەلاحەدین-هەولێر، سوپاسنامەیەک ئاڕاستەی رێزدار(مەسرور بارزانى) سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەکات.
لە بەرامبەر بە دواداچوون بۆ کێشەکانی زانکۆ، بەتایبەت گرفتی قوتابیانی زانکۆکان و بەداداچوون و بەتەنگەوەهاتن و سەردانیكردنى بۆ بەشە ناوخۆییەكانى قوتابیانی زانكۆى سەلاحەدین- هەولێر، تا لەنزیكەوە
ئاشناى هەموو كێشە و گرفتى قوتابیان بێت، و گوێ لە داواکاری و پێشنیاری قوتابیان بگرێت.
ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، ئەو هەوڵەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بەرز دەنرخێنێت و ستایشی خەمخۆری و دڵسۆزی بەڕێزیان دەکات بۆ زانکۆ، ئەمەش دەقی سوپاسنامەکەیە:
بۆ رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بابەت/ سوپاسنامە
بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، سوپاس و رێزێکی بێپایانمان بۆ خەمخۆری و دڵسۆزیتان لە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی زانکۆکان و گوێگرتن لە داواو خواستی قوتابیان بەتایبەت کێشەی قوتابیانی بەشەناوەخۆییەکان.ستایشی هەنگاوە زانستخوازییەکانتان دەکەین، کە لە لوتکەی فەرمانڕەوایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەوپەڕی لە خۆبوردوییەوە، وەک کەسێکی خاکی و سادە لە نێو هۆڵی یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆمان، گوێتان لە خواست و پێشنیارو داواکارییەکانی نوێنەرانی قوتابیانی گشت زانکۆکان گرت، دواتریش بە پشوودرێژییەوە، سەردانی یەکێک لە بەشەناوەخۆییەکانی قوتابیانی زانکۆمانتان کرد و گوێبیستی پێشنیارو رەخنەو داواکارییەکانی قوتابیان بوون، ئەمەش جێگەی دەستخۆش و ستایشەو زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر، بۆ هەمیشە لە مێژووی خۆیدا بە شانازی دەینوسێتەوە.
ئەو سەردانەی بەڕێزتان، ورەی زیاترمان پێدەدات، کە هەمیشە خزمەتی زیاتری بواری زانست و رەوتی خوێندن لە زانکۆ بکەین و شەو رۆژ بخەیەنەسەر یەک، بۆ ئەوەی ئاستی زانستی زانکۆ زیاتر بەرەو پێشەوە بەرین.
پ.د.جەوهەر فەتاح سەعید
سەرۆكى ئەنجومەنی زانكۆى سەلاحەدین-هەولێر
٢٨/١١/٢٠٢١